هێمن هەورامی: پێویستە کێشەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا لەچوارچێوەی دەستور بەگفتوگۆ و هەنگاوی کرداری چارەسەر بکەین

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێویستە کێشەکان لەچوارچێوەی دەستور بەگفتوگۆ و هەنگاوی کرداری چارەسەر بکەن و هەوڵبدەن بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و گرژییانەی کە لەناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا هەیە بکەن.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی دوەمی دیداری رافیدەین بۆ ئاسایش و ئابوری کە لەبەغدا بەڕێوەدەچێت بەشداریی لە پانێڵێکدا کردو تیایدا تیشکی خستەسەر رەوشی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میحوەربەندییەکانی ناوچەکە.

هێمن هەورامی باسی لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش کرد کە لەئێستادا دوبارە خەریکە بەهێز و گوڕوتینێکی ترەوە سەرهەڵدەدەنەوەو دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی کە پێشتر تێیدا بونە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کێشەکان لەچوارچێوەی دەستور بەگفتوگۆ و هەنگاوی کرداری چارەسەر بکەین و هەوڵبدەین بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و گرژییانەی کە لەناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا هەیە بکەین، چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور بەشدارە لەو بەرپرسیارێتییانەی کە دەکەونە سەر عێراقی فیدڕاڵ لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مەترسییانەی لەناوەوە و دەرەوە ڕوبەڕومان دەبێتەوە.

 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گره‌نتیی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدای بە لێکنزیککەوتنەوه‌ و چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بەڕێگەی گفتوگۆو لەچوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدڕاڵدا خستەڕو.

Back to top button