سهرۆك بارزانى: ئاڵای كوردستان هێمای یەكگرتوویی، ئازادیخوازی، قوربانیدان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستانە
سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، جەختی لە پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ١٢ی ٢٠١٩، سەرۆك بارزانی لە پەیامێکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستانەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم“.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ڕۆی ئاڵای کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. ئاڵای كوردستان هێمای یەكگرتوویی، ئازادیخوازی، قوربانیدان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستانە.
لەم ڕۆژە پیرۆزەدا جەخت لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و، هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدانەی كە لە پێناو ئاڵای پیرۆزی كوردستان گیانی خۆیان بەخت كردووە.
بژی كورد بژی كوردستان.
مسعود بارزانی
17ـی 12ـی 2019