كادرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە شەهید کرا

كادرێكی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی خورماتوو، لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە لە نێو ماڵەکەی خۆیدا شەهید کرا.

ئه‌رسه‌لان عه‌لى داودى، به‌رپرسی ناوچه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ شارۆچکەی خورماتوو، به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند، کاتژمێر 5.30ی به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ سێ شەممە 21ی 1ی 2020، سالار سابیر زه‌نگه‌نه‌ کە لایەنگرێکی پارتییە و هاوکات پاسەوانی تایبەتیی خۆیەتی و پێشمه‌رگه‌یه‌، له ‌ماڵه‌كه‌ى خۆیدا له‌ گه‌ڕه‌كى ڕزگاریی قه‌زاى خورماتوو ”له ‌لایه‌ن كه‌سانى نه‌ناسراوه‌وه‌ شه‌هید كرا.

راشیگه‌یاند کە سالار کاتێك چووەتە حەوشەی ماڵەکەی، تەقەی لێکراوە و شەهید کراوە.

ئه‌رسه‌لان عه‌لى داودى، به‌رپرسی ناوچه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ شارۆچکەی خورماتوو ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لە کاتی ڕووداوەکەدا هاوسەر و منداڵەکانی لە ماڵەوە بوون و کەسیان زیانیان بەر نەکەوتووە.

ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌هۆی ڕووداوه‌كانی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، ئه‌و ناوچانه‌ بوونه‌ته‌ شوێنێكی نائارام و چه‌ندان ڕووداوی كوشتن و تیرۆر و ڕفاندنیان تێدا ڕووی داوه‌، چه‌ندان جاریش هۆشداری دراوه‌ له‌وه‌ی كه‌ داعش و چه‌كداره‌كان ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ هێرش بكه‌ن.
Back to top button