بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە: یەپەگە لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان داوە.

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە هێزێكی سەر بە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان داوە.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر لەبارەی هێرشی هێزێکی چەکداری (یەپەگە) لە گوندی دێرشی سەر بە قەزای ئامێدی روونکردنەوەی دا و رایگەیاند، ئەوان کۆمەڵێک چەکدار بوون، بە ئۆتۆمبێلێک هاتوون، حیسابیان بۆ پێشمەرگە نەکردووە و بە چەکی قورس هێرشیان کردووە.

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە پاش ئەم رووداوە، هێزێك كە لە نزیكەی 60 چەكدار پێكهاتوون و سەر بە یەپەگە بوون، لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بە چەكی قورس و مامناوەند هێرشیان كردۆتە سەر هێزێكی پێشمەرگە لە سحێلا و بە نیازبوون زیانێكی گەورە بە پێشمەرگە بگەیەنن، بەڵام هێرشەكەیان شكستی پێهێندراوە و ”بە سەرشۆڕی گەڕانەوە.

سەربەست لەزگین هەروەها دەڵێ ئەوان هەوڵیانداوە ئەو خاڵە بەدەستبهینن و هێرش بکەن، بەڵام شکستیان هێنا و بە رووڕەشی و شکستەوە گەڕانەوە سنووری سووریا.

گوتیشی ئیمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە بەتووندی ئەو رووداوە شەرمەزار دەکەین، هەمووان دەزانن یەپەگە لەژێر فەرمان و تەوجیهاتی پەکەکە کاردەکەن و مەزڵووم عەبدیش ناتوانێت لەژێر فەرمانی ئەوان دەربچێت.

 

Back to top button