به‌به‌شدارى 100 كۆمپانياى جيهانى سبەی پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ بەرھەمەكانی ھایتێكس ده‌كرێتەوە

بڕیارە سبەی چوارشەممە پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ بەرھەمەكانی ھایتێكس بكرێتەوە، بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێریش دەڵێ، زیاتر لە ١٠٠ كۆمپانیا لە وڵاتانی جیھان بەشداریی پێشانگاكە دەكەن.

سۆران قادر، بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه‌، بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ساڵی رابردوو تەنیا یەك پێشانگای نێودەوڵەتی لە ھەولێر بەڕێوە چوو، بەڵام بەپێی پلانی بەردەستمان، ئەمساڵ بڕیارە تا كۆتایی ساڵ حەوت پێشانگای نێودەوڵەتی لە ھەولێر بكرێنەوە.

بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێر راشيگه‌ياندووه‌، بڕیارە سبەی چوارشەممە دووەم پێشانگای ھایتێكس لە شاری ھەولێر بەڕێوە بچێت و تێیدا ١٠٠ كۆمپانیا بەشداری دەكەن.

قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە پێشانگای سبەی چوارشەممەدا لە ٢٦ وڵاتی جیھانەوە كۆمپانیاكان بەشداری دەكەن، كە گەورەترین پێشانگای بەرھەمەكانی ھایتێكسە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی كوردستان و چەندین چالاكیی تێدا ئەنجام دەدرێن.

Back to top button