پلانی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو سەركەوتوو بووە
لە راگەیاندراوێکدا پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە، ئەو پلانەی لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو و رێگریكردن لە پەنگخواردنەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و پارێزگەی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە جێبەجێکرا، تەواو سەركەوتوو بووە، لە کاتێکدا تاوەکوو ئێستا 201.9 ملم باران لە هەولێر باریوە، کە ساڵی رابردوو تا ئەم کاتەی وەرزی زستان تەنیا 74.3 ملم باران باری بوو.
لە راگەیەندراوەکە هەروەها هاتووە، لە چوارچێوەی پلانەکان ژمارەیەك پرۆژەی ئاوەڕۆ بە گوژمەی زیاتر لە 15 ملیار دینار لە ساڵی 2023دا جێبەجێكراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەركەوتنی پلانی رووبەڕووبوونەوەی لافاو لە شاری هەولێر، دوای ئەوە دێت مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاڵپشتییەكی خۆی بۆ وەزارەتی شارەوانی و پارێزگەی هەولێر و فەرمانگەكانی حكوومەت دەربڕی و گوژمەی پێویستی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ و خاوێنكردنەوەی كەند و ئاوەڕۆكان خەرج كرد، بەمەش چەندین پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر و دەوروبەری جێبەجێكران، لەوانە:
1- درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی سندووقی دوو چاوە لە گەڕەکی ژیان نزیک یاریگای نیشتمان.
2- دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە شوێنی جیاجیا لە شارۆچکەی عەنکاوە.
3- دروستکردنی ئاوەڕۆ لە کەرتی 128 لە شارۆچکەی عەنکاوە.
4- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لە لای ئەنجومەنی وەزیران تاکو شەقامی 60 مەتر نزیک سایلۆ.
5- دروستکردنی دوو ئاوەڕۆی سندووقی شەش چاوە و نۆ چاوە لە نزیک گوندەکانی توڕەق و سویری.
6- تەواوکردن و دروستکردنی شەقامی 20 مەتری لە گەڕەکی مام سنج لە قەزای خەبات، بڕگەی ئاوەڕۆ.
7- درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە کۆمەڵگای پیرزین لە گەڕەکی نەورۆز.
8- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی بلۆک، کۆنکریتی لە گەڕەکی بەحرکەی نوێ پشت مزگەوتی مەلا رەشید گەردی.
9- دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی کۆنکریتی شیشدار لەنێوان ئاڵتون ستی و بنەسڵاوە.
10- چارەسەركردنی كێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150مەتری خێرا لە هەولێر، لەگەڵ دەیان پرۆژەی جۆراوجۆری دیکەی ئاوەڕۆ و پرد و کونج و پۆند و دروستكردن و فراوانكردنی كەندەکان جێبەجێكراون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکە هاتووە، ئەمساڵ ئامادەكاری تەواوكراوە، وێڕای ئەو پرۆژانە، سەرجەم تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ژینگەپارێزی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت راسپێردراون و لە ئامادەکاری تەواودان، پێشوەختەش لەگەڵ پلانەكەدا ئامادەكاریی تەواویان كرد و چەندین هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی چەپەر و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان لە هەولێر و دەوروبەری ئەنجامدران، هاوكات سەرەرای رێڕەوی کەندە سروشتییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی شار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری هەولێر خاوێنکرانەوە و بەردەوام چاودێری دەکرێن، هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی پلانی رێگری لە درووستبوونی لافاو و پەنگخواردنی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر سەركەوتوو بێت.