سەرۆک بارزانی لە دهۆک: مێژوویەکی دەوڵەمەندمان هەیە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی شانۆگەریی “داستانی کوردستان” لە دهۆک نمایش کرا.

شانۆگەریی “داستانی كوردستان” كە لە دهۆک، هەولێر و سلێمانی نمایش دەکرێت، باس لە وێستگە مێژووییەكانی كورد لە سەردەمی كاوەی ئاسنگەرەوە تا 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 دەكات، گێڕانەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی كوردستانە بە چەندان دیمەنی جوانی هونەری.

سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا شانۆگەریی (داستانی کوردستان)ـی بە “زۆر نایاب” وەسف کرد و گوتی، شانۆگەرییەکە “گەڕاندنەوەی مێژووی گەلی کوردستان بوو، بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک”.

بە گوتەی سەرۆک بارزانی، وەکوو گەلی کوردستان “مێژوویەکی زۆر دەوڵەمەندمان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئێمە مێژووی خۆمان نازانین؛ بۆیە لە جێگەی خۆیەتی، چالاکیی هونەری (لەم بوارەدا) بکرێن”.

سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاسپارد، “پشتیوانی لەم جۆرە چالاکییانە بکەن”.

دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و مێهرەبان

خوشک و برایانی هێژا

زۆر زۆر خۆشحاڵم لەگەڵتان بەشدارم لە بینینی شانۆگەریـی داستانی کوردستان. دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم و سوپاسی هەمووتان دەکەم. شتێکی زۆر نایاب بوو و گەڕاندنەوەی مێژووی گەلی کوردستان بوو بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک.

ئێمە مێژوویەکی زۆر دەوڵەمەندمان هەیە، بەڵام بەداخەوە مێژووی خۆمان نازانین؛ بۆیە لە جێگەی خۆیەتی، چالاکیی هونەری لەم جۆرە بکرێن

ڕاسپاردەم بۆ برادەرانمان لە حکوومەت و حزبیش ئەوەیە، پشتیوانی لەم جۆرە چالاکییانە بکەن.

دوو تێبینیم هەیە؛ یەکێکیان ئەوەی باس لە چەکی “بڕنۆ” دەکات گوایە لە جۆری “لی ئین فیلد” بوو، “لی ئین فیلد” جۆرە چەکێکی ئینگلیزییە، بڕنوو نییە. ئەو وشەیە لابەن، چونکە ڕاست نییە. ئەو چەکەی پێم بووە و وەرمگرتووە، “بڕنۆ” بوو، “لی ئین فیلد” نەبوو و کالیبەرەکەی 7.92 بوو.

تێبینی دووەمیشم، کاتێک دەڵێن، لە باب و باپیرانیانەوە فێربوونە بەڵێنەکانیان بەجێ نەگەیەنن؛ باسی باب و باپیرانیان نەکەن. بڵێن، لە باب و باپیرانمانەوە فێربووین بەڵێنەکانمان بەجێ بگەیەنین، بەڵام نەڵێن، ئەوان لە باب و باپیرانیانەوە فێربوونە بەڵێنەکانیان بەجێ نەگەیەنن.

لێرە کلیک بکە بەڤیدیۆ دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی ببینە

Back to top button