سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات
ڕۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سووریا ئاڵوگۆڕ کرا. هەروەها جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ سووریا و دیدار لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی سووریا و جەختیشی لەوە کردەوە ئەمریکا پشتگیریی هەموو هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و هەروەها بەدیهاتنی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تاوتوێ کرا.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دانوساندنی نێوان لایەنەکان و خێرابوونی هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
هەڕەشەکانی دەرکەوتنەوەی تیرۆر و پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.