حەسەن نەسروڵڵا: دەستلەكاركێشانەوەی حەریری بە بڕیاری سعودیا بووە
دوای ئەوەی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان دەست لە كاركێشانەوەی خۆی راگەیاند بە هۆی دەست تێوەردانەكانی ئێران و زیاد بوونی چەك بە دەستی حزبوالله ی وڵاتەكەی بۆ سەپاندنی ئەمری واقع لە چەند بەشێكی وڵات .ئەمڕۆ حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بارەی دەست لە كاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی دەلێت، بەرپرسانی سعودیا سەعد حەریری سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوەی لوبنانیان ناچار كردووە، بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت بدات.
ئەم قسانەی نەسروڵڵا لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا هاتووە و گوتی، مانەوەی حەریری لەسعودیا كۆمەڵێك پرسیاری بەدواوەیە، كە زۆر نزیكە لەوەی ئێستا بەزۆر لە ریاز هێشتبێتیانەوە و لەژێر چاودێریدا بێت و، رێگەی گەڕانەوەی بۆ لوبنان لێ گرتبێت. ئەمەش لەكاتێكدایە، حزبەكەی حەسەن نەسروڵڵا یەكێكە لەو لایەنانەی كە حەریری لەكاتی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا بە شوێنكەوتووی ئێران تۆمەتبار كردبوو و، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەشی بۆ فشارەكانی ئێران و حیزبوڵڵای گەڕاندبووەوە.