پەکەکە داوا لە ڕژێمی سوریا دەکات(هەسەدە) بکاتە بەشێک لە سوپای وڵاتەکەی

 

دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی لە سوریاو ڕۆژئاوای کوردستاندا و تورکیا هەڕەشەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات زیادکرد، هێزەکانی نزیک لە پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان داوا لە بەشار ئەسەد کردووە، رێگە بدەن کە شەڕڤانان بچەنە ریزەکانی سوپاکەیەوە و دۆخی رۆژئاوای کوردستان بۆ پێش بەهاری عەرەبی بگەڕێتەوە. سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ENKS، جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر دیمەشق ئەوە قبووڵ بکات، ئەوە بەتەواوی دەسەڵاتەکانیەوە دەگەڕێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان و دەست بە قڕکردنەوەی کوردەکان دەکاتەوە.

ڕێدوور خەلیل، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌)، له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) رای گەیاندووە، هیچ بژارەیەکیان لەبەردەمدا نەماوە، جگە لە گەیشتن بە چارەسەرێک لەگەڵ دیمەشقدا سەبارەت بە داهاتووی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستانی سووریا، چونکە ناوچەکانیان بەشێکن لە سووریا، بە دووریشی نازانن شەڕڤانان بچنە ڕیزی سوپای سووریاوە.

ئەو سەرکردەیەی نزیک لە پەکەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا بەردەوامە، بۆ گەیشتن بە شێوازێکی کۆتایی بۆ بەڕێوەبردنی شاری مەنبەج، ئەگەر گەیشتنە چارەسەرێکی گونجاو، ئەوە دەتوانن ئەو تاقیکردنەوەیەی مەنبەج لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕاتیش پەیڕەو بکەن.

گوتووشیەتی: “چوونە ناوەوەی سوپای سووریا بۆ سنووری باکوور لەگەڵ تورکیا بەدوور نازانرێت، چونکە ئێمە بەشێکین لە جوگرافیای سووریا، بەڵام هێشتا دۆخەکە پێویستی بە ڕێکخستنی دیاریکراو هەیە، بۆ چۆنێتیی حوکمکردنی ئەو ناوچانە.”

لەلایەکی دیکەشەوە، هەفتەی رابردوو سەركردەیەكی ڕژێمی بەشار ئەسەد ئاشكرای كردووە، ئەوان گەشبینن بە دانوستاندنەكانیان لەگەڵ پەكەكە، كە داوایان لێ كردوون لە دەست هێرشی چاوەڕوانكراوی توركیا بیانپارێزن.

Back to top button