پێشبینی بۆ كەش و ھەوای رۆژانی نەورۆز ڕاگەیەنرا
ماڵپەڕێکی کەشوهەوای جیهانی، پێشبینی ڕەوشی کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 15/3/2019، ماڵپەڕی (accuweather)ی جیهانی، کە ماڵپەڕێکی تایبەت بە کەشوهەوایە، پێشبینی ڕەوشی کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی نەورۆز ئاشکرا دەکات و بەپێی پێشبینییەکانیش یەکەم و دووەم ڕۆژی نەورۆز کە دەکاتە پێنجشەممە و هەینی هەفتەی داهاتوو ئاسمان ساماڵ و هەور دەبێت و لە سێیەم ڕۆژی نەورۆزیش باران دەبارێت.
ماڵپەڕەکەی کەشوهەوا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کەشوهەوای ڕۆژی 21ئ ئەم مانگە کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی نەورۆز ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرمیش لە نێوان 10 بۆ 22 پلەی سەدی دەبێت و ڕۆژی دووەمیش نەورۆزیش ئاسمان هەور و خۆرەتاو دەبێت پلەی گەرمیش لە نێوان 10 بۆ 21 پلەی سەدی دەبێت، هەروەها ڕۆژی سێیەمی نەورۆزیش ئاسمان هەورو باراناوی دەبێت و پلەی گەرمیش لە نێوان 10 بۆ 19 پلەی سەدی دەبێت، ئەم ڕاپۆرتەی ماڵپەڕەکەش تەنها پێشبینییە، واتا ئەگەری گۆڕانکاری هەیە.
ساڵانە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی 20، 21، 22 و 23ی مانگی ئادار، بە بۆنەی سەری ساڵی کوردی و نەورۆزەوە ئاهەنگ دەگێڕن و دەچنە گەشت و سەیران.