مووچه‌ی مامۆستایان زیاد ده‌كرێت

خواكڕك

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 23/11/2016 له‌ هه‌ولێر هه‌ریه‌كه‌ له‌جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و وه‌زیری په‌روه‌رده‌و سه‌ردار قادر پارێزگاری سلێمانی‌ به‌وه‌كاله‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی، له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایان كۆبونه‌وه‌ له‌باره‌ی بایكۆتی مامۆستایانی سنوری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان‌و راپه‌ڕینه‌وه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم ‌و یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستاندا بڕیاردرا ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ناوی هاندانه‌وه‌ به‌ مامۆستایان ده‌درێت زیاد بكرێت، به‌ڵام بڕی زیادكراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێ نه‌درا.

بڕیاره‌ له‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی كه‌ حكومه‌ت به‌ناوی هاندانه‌وه‌ ده‌یدات به‌ مامۆستایان‌و بڕه‌كه‌ی 60 هه‌زار دیناره‌ زیاد بكرێت، به‌ڵام هێشتا له‌سه‌ر بڕێكی دیاریكراو رێكنه‌كه‌وتوون.

هه‌روه‌ها قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیرایگه‌یاند، له‌سه‌ر حكومه‌ت پێویسته‌ مانگانه‌ 15 ملیار دینار دابینبكات بۆ مامۆستایان تاوه‌كو به‌رده‌وامبن و به‌ڵێنیشیدا له‌ماوه‌ی داهاتوو ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ زیاد بكات.

له‌لایه‌كی دیكه‌ پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌ رایگه‌یاند، پێویسته‌ كوردستان له‌و شه‌ڕو ململانێ سیاسییه‌‌ رزگاری بێت و چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌داخه‌وه‌ راگه‌یاندن زۆرجار كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، داوا ده‌كه‌م راگه‌یاندنه‌كانیش گرنگی به‌ ره‌وشی په‌روه‌رده‌ بده‌ن و رۆڵی په‌روه‌رده‌ به‌گرنگ هه‌ژمار بكه‌ن له‌ دروستكردنی كه‌سایه‌تی و په‌روه‌رده‌ی منداڵان و چوارچێوه‌ی ئه‌كادیمی، چونكه‌ راگه‌یاندن ده‌بێت رۆڵی ئیجابی هه‌بێت.

Back to top button