فراكسیۆنی پارتی بەتووندی ئیدانەی تیرۆر كردنی د.وشیار ئیسماعیل دەكەن
خواكوڕك
لە راگەیاندراوێكدا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەمرۆ 23ی 11ی 2016 بڵاوی كردۆتەوە. رایدەگەێنێت، شەوی ڕابردوو لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، دكتۆر وشیار ئیسماعیل كە زانایەكی پایەبەرز و بەڕێزی ئەو شارەبوو، تیرۆركرا، ئەمەیش بە لای هەموومانەوە جێگەی داخ و هەڵوەستە و تێڕامانە، چونكە دكتۆروشیار كەسایەتییەكی بەڕێز و خۆشەویست و ئاشتیخوازی ئەم شارە بوو، لە بواری ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی بیری میانڕەوی، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و ئەمەیش وایكردووە، كە خۆشەویستی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵ بێت و بەلای كاربەدەستانی شاریشەوە ڕێزلێگیراو بێت.
.هەروەها فراكسیۆنی پارتی دەلێت، پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوون بە پێكەوە ژیان و ڕێزگرتن لە پیرۆزییە ئاینییەكان، هەمیشە ڕێزی لە مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام گرتووە و لە هەموو سەردەم و قۆناغەكاندا، بیروڕا و سەرنج و تێبینییەكانییانی بە هەند وەرگرتوون، ئەو ڕێزەیش هەمیشە وەك خۆی دەمێنێتەوە.ئێمە كاتێك لە شەڕی دژی تیرۆرداین، بە بەردەوامی خەمی ئەوەمان هەبووە و هەیە، كە دوژمنانی گەلەكەمان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، لە ڕێگەی كردەوەی دژە ئینسانییەوە، هەوڵی لێكترازانی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی بدەن و ئاگری فیتنە و ئاشوب هەڵگیرسێنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا و ماندووبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكان، كوردستان ئارامە و هەركەسێكیش نییەتێكی وای هەبێت، لە دەستی یاسا ڕزگاری نابێت.شاری هەولێر ناوەندێكی گرنگی سیاسی و عەسكەری و ئابووری ناوچەكەیە،
لە كۆتایی راگەیاندراوەكە دا فراكسیۆنی پارتی دەلێت، بۆیە دەزگە ئەمنییەكان بەوپەڕی توانایانەوە، ئەركی ماندوونەناسانەی خۆیان ڕادەپەڕێنن و ئەمەیش جێگەی ڕێزە، داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین، كە چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بن و لە بەخشینەوەی تۆمەتدا پەلە نەكرێت، هێزە ئەمنییەكان لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە مەزنە، هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ و هیوادارین بە زووترین كات، ئەو دەستە ڕەشەی لە بندا ببڕن.