زانا مەلا خالید: زانیاری نوێ لەسەر كەیسی كوشتنی ئامانج و خێزان و منداڵەكەی ئاشكرا دهكات
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانمان بەردەوامین بۆ كەیسی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و بە تەواوبوونی بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەكەینەوە.
زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان به ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگهیاندووه، كاری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەیسی كوشتنی هەردوو رۆژنامەنووسەكە و كوڕەكەیان لە شاری سلێمانی بەردەوامە و تا ئێستا چەند لێكۆڵینەوەیەكیان كردووە و زۆریش ئاسان نییە و كۆمەڵێك زانیاری و سەرەداویان دەست كەوتووە، هەر كاتێكیش لێكۆڵینەوەیان تەواو كرد، ئەنجامەكەی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكەن.
مەلا خالید گوتیشی: زانیاریی باشمان دەست كەوتووە، بەڵام پێویستمان بە زانیاریی زیاتر هەیە و هەر كاتێك تەواو بوو، راپۆرتی لەسەر ئامادە دەكەین و دواتر بۆ ڕای گشتی دەیخەینە ڕوو.
شەوی چوارشەممه 16ی ئۆكتۆبەر، “هاوكاتی بەرنامەی بێ سنووری ئامانج بابانی كە شەوانی چوارشەممه سەعات نۆ و پێنج خولەك” پێشكەشی دەكرد، لە رووداوێكی تەمومژاویدا دوو رۆژنامەنووسی دیاری سلێمانی و منداڵەكەیان لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان بە فیشەك كۆتا بە ژیانیان هێنرا. هەرزوو پۆلیسی سلێمانی هۆی رووداوەكەی دیاری كرد، بەڵام بەشێكی كەمی هاووڵاتییان و رۆژنامەنووسان متمانەیان بە گوتە و بەڵگەكان هەبوو، پێیان وایە بەشێكی زۆری بەڵگەكان شاراونەتەوە و هیچ شایەتحاڵێكیش كاتی ئەنجامدانی تاوانەكەی نەبینیوە.