مه‌سرور بارزانی: به‌بێ سه‌ربه‌خۆیی هیچ داهاتووێكمان نیه‌

خواكوڕك

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، “دەمانەوێت سەربەخۆییمان ھەبێت و بەبێ ئەوە داھاتوومان ڕوون نابێت، ئەگینا دەبینە قوربانیی بەریەککەوتنە ھەرێمییەکان”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15\12\2016، لە زانکۆی ئەمریکی – دهۆک، کۆنفرانسی (سەربەخۆیی کوردستان.. بەربەست و دەرفەت) بەڕێوە دەچێت، تیایدا چه‌ند كه‌سایه‌تی جیهانی به‌شداریان تێداكردووه‌.

مه‌سرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە میانی وتارەکەیدا کە لە کۆنفرانسی (سەربەخۆیی کوردستان – بەربەست و دەرفەت) ده‌ڵێت، “جێی شانازییە ئەم جۆرە کۆنفرانسە لەم ھۆڵەدا دەبەسترێت کە وەک ڕێزگرتنێک بۆ باپیری خۆشەویستمان دامەزراوە”.

هه‌روه‌ها رایده‌گه‌ینێت، “گەلی کورد بە درێژایی مێژوو، خیانەتی لێ کراوە و ھەر کەسێک لە کوردستان، خاوەنی چیرۆکێکە کە بەھۆی ژێردەستەییەوە بەسەریدا ھاتووە”.

بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “پێویستە لە عێراقدا ڕێگەی سەربەخۆیی کوردستان وەک چارەسەر تەماشا بکرێت، لە سەدەی ڕابردوودا لە عێراق متمانە لەدەست دراوە و کورد وەک ھاووڵاتیی یەکسان تەماشا نەکراوە، متمانە لەنێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە عێراق نەماوە”.

ئه‌وه‌شی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ دایەلۆگی ڕاستەقینە لەنێوان سەرکردەکانی کوردستان و سەرکردە واقیعبینە عێراقییەکاندا بەردەوام بێت کە ھەندێک لەوانە تێڕوانینیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ڕوونە و ھەندێکیش ھێشتا تێڕوانینیان ناڕوونە.

Back to top button