كۆشنه‌ر: 50 ساڵه‌ ده‌مه‌وێت باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكه‌م

خواكوڕك

وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا رایده‌گه‌یه‌نێت، باشترین ڕێگە تا ویستی خەڵک جێبەجێ بکەین، بۆ ئەوەی ببینە وڵات، دەبێت لە ڕیگەی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. ڕەنگە ئەمە تاکە ڕێگە نەبێت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو. دەکرێت تۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بپرسیت و دەبێت ئامادەبیت، ڕێگەکەش زەحمەتە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15\12\2016، لە زانکۆی ئەمریکی – دهۆک، کۆنفرانسی (سەربەخۆیی کوردستان.. بەربەست و دەرفەت) بەڕێوە دەچێت، تیایدا چه‌ند كه‌سایه‌تی جیهانی به‌شداریان تێداكردووه‌.

بێرنارد کۆشنەر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا له‌میانی كۆنفرانسه‌كه‌دا راگه‌یاند، “کاتێک پشتگیری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیەکی وەکوو کورد دەکەی، پێویستە یاسای نێودەوڵەتی دەستکاری بکەی، یان پرسیار لە ڕای گەل بکرێت، بزاندرێت کە ئایا چارەنووسیان چۆن ده‌وێت؟”.

كۆشنه‌ر سوپاسی خه‌لیلزادی كرد بۆ پشگیری دۆزی كورد و راشیگه‌یاند، “من زیاتر لە ٥٠ ساڵە چاوەڕێی ئەم قسانە دەکەم تاوەکوو لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان بیکەم”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “لە سەرانسەری جیهاندا گەشتم کردووە و چوومەتە زۆر شوێن. لە بیرمە یەکەم گفتوگۆم لەگەڵ مستەفا بارزانی، ئەو کاتە گەنج بووم، خۆبەخش و چالاکوان بووم، یەکەم کارم بوو لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور، زۆر سەرسام بووم بەو پیاوە مەزنە، ئازا و چاونەترس بوو. یەکەم گفتوگۆشم بوو لەبارەی سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیی کوردستان، لە ساڵی 1975 بوو”.

ئەوکاتە لەبیرمە هەموو ئەو هەنگاوانەی دەربارەی ئەو ڕێگە زەحمەتە، لەگەڵیشیدا ناکۆکییە ناوخۆییەکان، تکایە لەبیری نەکەن. ئەو کاتەش شەڕی یەکترتان دەکرد، لەبیرتان نەچێت، ئەوە بۆ داهاتووش.

کاتێک باسی پرسی کورد دەکەی، خەڵک هەمووی گوێ دەگرێت. ئێستا ساتی ئەوەیە کە گوێ لە ویستی گەلی کورد بگرن، ئێوە خەبات دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی باڵانسی ڕەگەزی و مافەکانتان، لەپێناو ئازادیی ئایینی، لەپێناو جیاکردنەوەی ئایین و حوکمڕانی، ئەمانە ئەو بەها گرنگانەن کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت پێویستە.

بۆیە پێموایە ئەمانە هەمووی لە ئەورووپاش هەموو چاوەڕێن لە کوردستان شتێکی گەورە ڕوو بدات. شتێک کە پەیوەندی بە دیموکراسیی ئەورووپا و ئەمریکاوە هەیە.

کاتێک داگیرکەران ئەم سنوورانەیان دیاریی کرد کە پێی دەگوترێت سنوور، وایانزانی سەرەتای دیموکراسییە، بەڵام ئێستا ئەو ساتەیە کە پێویستە ئەو سنوورانە لابدرێت و بەسەریدا باز بدرێت. لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ئەو هەزاران کەسەی بینیومن، پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.

لە درێژەدا گوتیشی “ئێمە باس لە کوردستانی عێراق دەکەین، وەک نموونەیەک بۆ داهاتوو. ئێوە بە تەنیا نین، کوردانی سووریا، ئێران و شوێنی دیکە هەن، من نامەوێت باس لەوان بکەم، چونکە زۆر ئاڵۆزە، کە باسی ئەوە دەکەیت، زۆر پسپۆڕ دێن دەنگ بەرز دەکەنەوە و دەڵێن نابێت ئەو سنوورانە ببەزێندرێت. بۆیە ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەو سنوورانە تێک بدەیت، دونیا تێکدەدرێت. بەڵام ئێستا ناوچەکە تێکچووە، دەکرێت ئەو نموونەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەکار بهێنیت. ”

کوردستان ئێستا پارچەیەکی سەقامگیرە لە ناوچەکە و یەکێک لەوانەی پشتیوانیی سەربەخۆیی دەکات، منم.

Back to top button