حزبوڵای عیراق داوا له‌به‌رهه‌م ساڵح ده‌كات دیداری دۆناڵد تره‌مپ ڕه‌تبكاته‌وه
كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عیراق هه‌ڕه‌شه‌ی له به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق كرد به‌وه‌ی له به‌غدا ده‌ری ده‌كات ئه‌گه‌ر له په‌راوێزی كۆبونه‌وه‌كانی كۆڕبه‌ندی ئابوریی داڤوس له‌گه‌ڵ تره‌مپ كۆببێته‌وه.
ئه‌بو عه‌لی عه‌سكه‌ری، یه‌كێكه له سه‌ركرده‌كانی حزبوڵای عیراق و له هه‌ڕه‌شه‌كه‌یدا بۆ سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاندوه: “جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه بهرهم ساڵح پابه‌ند بێت به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تره‌مپی گه‌مژه و داروده‌سته بكوژه‌كه‌ی كۆنه‌بێته‌وه”.
ده‌شڵێت: “به‌پێچه‌وانه‌وه عیراقییه‌كان هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌رهه‌م ساڵح ده‌بێت ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی له ئیراده‌ی گه‌ل بكات و خوێنی رژاوی خه‌ڵك پشتگوێ بخات و كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین له به‌غدا ده‌ری بكه‌ین”.
به‌پێی میدیا عیراقییه‌كان، ئه‌مه سێیه‌م جاره كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عیراق هه‌ره‌شه له به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كه‌ن و یه‌كه‌م هه‌ڕه‌شه‌ش له ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی رابردوو بوو كاتێك هێزێكی سه‌ربه حزبوڵا هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر ناوچه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و هه‌وڵیاندا ده‌ست به‌سه‌ر كۆشكێكی سه‌رۆك كۆماردا بگرن.
دووه‌مجاریش له قه‌یرانی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیراندا، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به‌سه‌ر كۆشكی كۆماری‌دا سوڕایه‌وه و زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان له‌وكاته‌دا رایاگه‌یاند كه فڕۆكه‌كان سه‌ربه حزبوڵای عیراق بوون.