هەڵسوڕاوانی گۆڕان: ئێستا دەستەی بەڕیوەبردنی گۆڕان نایاسایە
خواكوڕك
بەپێی پەیڕەوی ناوەخۆی بزووتنەوەی گۆڕان, دەبێت لە ئێستادا گۆڕانكاری لە هەیكەلیەتی سیاسی بزووتنەوەكە پەیوەست بە مەكۆو رایەڵەو بازنەكان بكرابایە, بەڵام نەكراوە بۆیە وادەی یاسای و سیاسی سەرجەم بەشەكانی هەیكەلیەتی سیاسی بزوتنەوەكەتەواو بووە, ئەندامانی ئەم حزبەش داوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی ستافێكی نوێ بۆ بەڕێوە بردنی مەكۆكە دەكەن.
كۆمەلێك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە ڕانیە, نامەیەك ئاراستەی سەركردایەتی بزوتنەوەكە دەكەن بە بیر بزووتنەوەی گۆڕان دەهێننەوە كە لەسەرەتای دروستبوونیەوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە چەمكی دیموكراسی و چەسپاندنی پڕەنسیپەكانی ئەم چەمكە و حوكمی یاسا درووست بووە و هەمیشە لە هەوڵدا بووە بۆ بەدامەزاوەیكردنی هەموو دامودەزگا حكومی و حیزبیەكان و هەوڵدان بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات تیایاندا, بەڵام ئێستا لە بەڕێوەبردنی خۆی لەناوەندی یاسایی لایداوە.
هەروەها دەڵێن:” ئێمە وەك كۆمەڵێك هەڵسوراوی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕانیە، ڕایدەگەیەنین لە ئێستادا بەپێێ پەیڕەوەی ناوخۆ، وادەی یاسایی و سیاسی سەرجەم بەشەكانی هەیكەلیەتی سیاسی بزوتنەوەكەو لەناویاندا ڕایەڵە و بازنەكان و دەستەی بەڕێوەبەرێتی مەكۆكان تەواو بووە، بۆیە داوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی ستافێكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی مەكۆی سەرەكی و بزوتنەوەكە دەكەین، بۆ ئەوەی بزوتنەوەكەمان لەو ڕێڕەوە دیموكراتخوازەی خۆی لا نەدات كە تا ئێستاش مایەی شانازی هەموومانە.
هەڵسوڕاوانی گۆڕان هۆشداری توند دەدەن و ڕایدەگەیەنن:” لەكۆتاییدا، وەڵامدانەوەی داواكارییەكەمان ڕێزگرتنە لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە و بنەماكانی دیموكراسی و سەروەری و شكۆی بزوتنەوەكەمان، بەپێچەوانەوەو لەئەگەری وەڵامنەدانەوەمان هیچ بەڕێزێكی دەستەی بەڕێوەبەرێتی مەكۆی سەرەكی بە نوێنەری شەرعی هەڵبژێردراوی خۆمان نازانین لەم بەروارەوە.