پارێزگاری هەڵەبجە ڕێنماییەک ئاراستەی هاووڵاتیان دەکات
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگاری هەڵەبجە وبەرپرسانی تری شارەکەدا وەک ژووری رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، چەند بڕیارێکی ناوخۆیی دەنگی لە سەر دارو دواتریش کۆی بڕیارەکان وەک رێنمایی ئاراستەی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە کرا کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکیدا دەبینێتەوە .
دەقی بەیاننامەی پارێزگای هەڵەبجە:
لەدیوانی پارێزگاوە بو جێ بەجێ کردن:
بەسەرپەرشتی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ژووری ڕووبەرووبونەوەی ڤایروسی کۆڕۆنا، ژوورەکە کۆبوونەوە و بڕیار و رێنمایی و راسپاردەکانی پارێزگای هەڵەبجە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (١٧/٣/٢٠٢٠ )ـدا پەسەند کران.
لەبەر رۆشنایی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و بۆ زیاتر پاراستنی تەندروستی کۆمەڵانی خەڵك و هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، لیژنەی ئۆپەراسیۆنی پارێزگا ئەم بڕیار و رێنمایی و راسپاردانەی خوارەوەی پەسەند کرد:
١ – بڕیاردرا بە درێژ کردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە، واتە لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ١٧-١٨/٣/٢٠٢٠ تا کاتی دیاری کراو .
٢ – سەرجەم سەمونخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەکان بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەکان کراوە دەبن .
٣ – دوکانی سەوزە و میوەکان دەتوانن بە هۆکارەکانی گواستنەوەی وەك (عەرەبانە و پیکاب و … هتد ) بە کۆڵانەکانی ناو شاردا و دوور لە شەقامە سەرەکییەکان، سەوزە و میوە بفرۆشن .
٤ – دوکانی گۆشت فرۆشەکان تەنھا رۆژی18/3/2020 لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی تا 11ی نیوەرۆ دەکرێنەوە لە ژێر چاودێری لیژنە ھاوبەشەکانی قائمقاميەت و پێویستە ھاولاتیان لەو کاتەی دیاری کراوە پیداویستیەکانیان بکڕن، چونکە دوای ئەو بەروارە دادەخرێت، بە رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە :
آ- بە هیچ شێوەیەك قەرەباڵغی رێگەپێدراو نیە .
ب- لە کاتی وەستان و سەرەدا، دەبێت نێوان کڕیارەکان لە ٢ مەتر کەمتر نەبێت .
ج- پێویستە رەچاوی سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت، کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری و لیژنەکان دەردەچێت، وەك بەکارهێنانی دەمامك و دەستکێش و بە بەردەوامی مەوادی پاکژکردنەوە بەکار بهێنن .
د- کڕیارەکان بە هیچ شێوەیەك بواری چوونە ناو دوکانی گۆشت فرۆشەکانیان نیە و دەبێت شریتی قردێلەیی دابنرێت بۆ جیاکردنەوەیان .
هـ- هەر دوکانێك پێویستە کەسێکی تایبەت، بۆ وەرگرتن و ژماردنی پارە لە کڕیارەکان دابنێت .
و- بە پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانەوە، دوکانەکانیان دادەخرێن و ڕووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەکرێنەوە .
٥ – سەرجەم هەفتە بازاڕەکانی ناو شاری هەڵەبجە جگە ئەوانەی ناو بازاڕ، کراوە دەبن، لەژێر چاودێری لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەت بە رەچاوکردنی سەرجەم رێکارە تەندروستییەکان و ئەم رێنماییانەی خوارەوە:
آ- قەرەباڵغی ڕێگەپێنەدراوە .
ب- لە کاتی وەستاندا نێوان کڕیارەکان ٢مەتر کەمتر نەبێت .
ج- پێویستە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت ، لە بەکارهێنانی دەمامك و دەستکێش و مەوادی پاکژ کردنەوە .
د- لە هەفتەبازاڕەکاندا ژمارەی کاشێرەکان پێویستە زیاد بکرێت، بۆ خێراکردن و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی .
هـ- بە پێچەوانەی ئەم رێنماییانەوە، هەفتەبازاڕەکانیان دادەخرێت و رووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەکرێنەوە .
داواکارین خاوەن هەفتە بازاڕەکان هاوکاری کڕیارەکان بە پێدانی دەمامك و دەستکێش بکەن.
٦ – بە پێی بەیانی ژمارە ( ١٩ )ی ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ بە هەموو شێوەیەك بۆ هەفتەبازاڕ و شوێنە رێگەپێدراوەکان قەدەغەیە و رووبەڕووی ئیجرائاتی یاسایی دەبنەوە .
تێبینی: لە کاتی دەرچوونی هەر بەیان و بڕیارێك، کە لە وەزارەتی ناوخۆ دەدرێت، ئەوا ئەو بڕیارە دەبێتە بڕیاری فەرمی .
ئازاد تۆفیق رەحیم
پارێزگاری هەڵەبجە