مەسرور بارزانی لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە (٣٢)ەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە:-

ئەمڕۆ 32 ساڵ بە سەر گەورەترین شاڵاوی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت کە بەشێک بوو لە زنجیرەیەک شاڵاوی جینۆسایدکردن کە ئامانج لێی قەڵاچۆکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و گەلی کوردستان بوو.

یادکردنەوەی ئەو تاوانە مەزنانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و بەبەرچاوی جیهان ئەنجامدران و هەزاران کەسی بێتاوانی تێدا بوونە قوربانی، نابێت تەنیا یادکردنەوەیەکی ئاسایی ئازارەکانمان بێت . بەڵکو دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بنبڕکردنی ئەو هزرە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە بدرێت کە لە پشت ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالن کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و زامێکی قووڵ و لەیادنەکراويشە لە جەستە و یادەوەری گەلی کوردستاندا .

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا درێژە بە هەوڵەکانی دەدات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفالەکان و بە جینۆسایدناساندنی ، بەردەوام پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفالە کە پێویستە دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارێتی دەستووری و ئاکاریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانە مەزنانە لە ئەستۆ بگرێت و دڵنیایی دووبارە نەبوونەوەشیان لە داهاتوودا بدات.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Back to top button