سەرۆکی هەرێمی کوردستان: داوا دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانی ئەنفال بەجینۆساید بناسێنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی 32 ساڵەی شاڵاوی ئەنفالدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانەکە بە جینۆساید بناسێنێت.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

له‌ یادی‌ سی‌ و دوو ساڵه‌ی‌ شاڵاوه‌ به‌دناوه‌كانی‌ ئه‌نفالدا، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ هه‌موو ئه‌و قوربانییانه‌ به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ له‌و تاوانكاری‌ و جینۆسایده‌دا گیانیان به‌خشی‌ و سه‌ری‌ ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانی‌ پاكی‌ ئه‌وان و ته‌واوی‌ شه‌هیدانی‌ كوردستان داده‌نوێنین، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كه‌سوكاری‌ سه‌ربه‌رزیان.

ئه‌نفال یه‌كێك له‌ سامناكترین و دڕه‌نده‌ترین تاوانه‌كانی‌ مێژووه‌ كه‌ ئافره‌ت، پیاو، منداڵ و پیری‌ نه‌ناسیوه‌ و بێباكانه‌ هه‌مووانی‌ پێكه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌رگی‌ به‌كۆمه‌ڵ ڕاپێچ كردووه‌، هه‌روه‌ها ژینگه‌ و ئاوه‌دانی‌ ته‌خت كردووه‌ و هه‌موو شوێنه‌وارێكی‌ ژیانی‌ سڕیوه‌ته‌وه‌. ئه‌و سیاسه‌ته‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌ی‌ به‌عس بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌نیا له‌ شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفالدا زیاتر له‌ (180) هه‌زار هاووڵاتیی‌ كوردستان گیانیان سپارد و كۆمه‌ڵكوژ و زینده‌به‌چاڵ كران، جگه‌ له‌ وێرانكردنی‌ هه‌زاران دێهات و ده‌یان شارۆچكه‌ی‌ كوردستان.

له‌ كاتێكدا ئه‌مڕۆ یادی‌ ئه‌و ئازیزانه‌ و ته‌واوی‌ شه‌هیدانی‌ كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ به ‌هیچ شیوه‌یه‌ك ڕێگه‌ نه‌درێت جارێكی‌ دیكه‌ نه‌ گه‌لی‌ كوردستان و نه‌ هیچ گه‌ل و ملله‌تێكی‌ دیكه‌ی‌ سه‌رزه‌مین، ڕووبه‌ڕووی‌ ئه‌و تاوانكاری‌ و جینۆسایده‌ ببنه‌وه‌، ده‌بێ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقیش وه‌ك ئه‌ركی‌ یاسایی‌ و ئه‌خلاقیی‌ خۆی‌، ئاوڕێكی‌ جددی‌ له‌ كه‌سوكاری‌ قوربانییان بداته‌وه‌ و قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌.

هه‌ر وه‌ك چۆن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفاله‌كانی‌ به‌ جینۆساید و تاوانی‌ دژی‌ مرۆڤایه‌تی‌ و تاوانی‌ جه‌نگ ناساند، داواكارین كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌و تاوانكارییانه‌ به‌ جینۆساید بناسێنێت، له‌م پێناودا به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌موو هه‌وڵێكمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بین بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕوفاتی‌ شه‌هیدان و گێڕانه‌وه‌یان بۆ ئامێزی‌ نیشتمان.‌

له‌م یاده‌دا دروود بۆ گیانی‌ شه‌هیدان كه‌ هه‌میشه‌ له‌ یاده‌وه‌ریی‌ گه‌لی‌ كوردستاندا به‌ زیندوویی‌ ده‌مێننه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی‌

سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

 

Back to top button