سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئاماژەی بە گرنگیی دایەلۆگی ستراتیجی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عێراق کرد، کە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت و هەرێمی کوردستانیش تێێدا بەشدار دەبێت.
گوتیشی ئێمە هەموو هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدەین ، بەتایبەتیش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئابوورییە سەختەی بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە هاتووەتە ئاراوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان کردەوە لە دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا بە شێوەیەک کە ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی گشتی تەواوی پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.