سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی 6ـی 2020 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هێیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە جەیمس سۆرنتۆن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە دوایین ڕووداوی بڵاوبوونەوە و بەرەنگاری پەتای کۆڕۆنا و باری سیاسی و ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کرا.
هەروەها ئەو کێشە و قەیرانانەی ڕوویان لە عێراق بە گشتی کردووە و هەنگاوە نوێیەکانی حکوومەتی تازەی عێراق و پەیوەندی هەرێمی کوردستان بە حکوومەتی فیدراڵ و تەحدییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
لەم ڕاستەدا هەردوولا هەڕەشە و مەترسییەکانی داعشیان بە جددی وەسفکرد بە تایبەتی کە جموجۆڵەکانیان بەم دواییە لە زۆر ناوچەی عێراقدا پەرەی سەندووە.
لەم بارەیەوەش بەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ زانرا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
هەروەها پەیوەندی بەریتانیا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو.