راگەیێندراوێک لە دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل

دوای ئەوەی لە چەند میدیایەک و سۆشیالمیدیا رەخنە لە وەرگرتنی پارەی پشکنینی کۆرۆنا گیرا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گوتەبێژی دەروازەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاندووە کە پارەی پشکنینی کۆرۆنا ٦٠ هەزار دینارە نەک ١٠٠ هەزار.

 

دەقی راگەیێندراوەکە.

سەبارەت بە رێکارە تەندروستیەکان و پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ ئەو گەشتیارانەی لە دەروازەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیلەوە ھاتن و چوون دەکەن، ڕایی گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە بەپێی رێنمایی و بریارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکەین و بابەتی کەرەنتین و ستافی پزیشکی لەسەر سنور و دیار کردنی نرخی پشکنینی کۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە دیار و سەرپەرشتی دەکرێن، بەپێی دوا بریاری وەزارەتی تەندروستی ژمارە (١٠٩) لە رێکەوتی (٣٠\٧\٢٠٢٠) بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ پشکنینی کۆرۆنا لە ھەر گەشتیارێک وەردەگیرێت لە (١٠٠,٠٠٠) سەد ھەزار دینارەوە کەم کراوەتەوە بۆ (٦٠,٠٠٠) شەست ھەزار دینار.

ھەروەھا سەبارەت بە ھاتنی شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری وڵاتی تورکیا ئێمە چاوەرێی ئامادە بوونی میکانزمی پێویستین کە لەلایەن تەندرستی دھوکەوە بۆ پشکنینی ئەو شۆفێرانە ئامادە دەکرێن کە بەم نزیکانە ئامادەکاری تەواو دەبن و دەتوانن لەدوایی جێبەجێ کردنی رێکارە تەندرستییەکان وەکو پێشتر بێنە نێو ھەرێمی کوردستان، وە بەپێی ئەو بریارەی وەزارەتی تەندروستی کە لەسەرەوە ئیشارەتمان پێداوە بۆ پشکنینی ھەر شۆفێرێکی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بڕی (٣٠,٠٠٠) سی ھەزار دینار وەردەگیرێت.

کامی کەمال
گۆتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل

Back to top button