لیزا فەلەكەدین: نھێنی پشت رووداوەكانی دوێنێی ناوچە كوردستانیەكان ئاشكرا دەكات
لیزا فەلەکەدین كاكهیی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئەکاوەنتی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەلایەتی فیس بووک نووسیەتی: لەدوای ئەوەی موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ پەرلەمان دیاری کرد، شۆڤینییەکان ڕاستەوخۆ دەستیان کردەوە بە هێنان و جێگیرکردنی عەرەبی هاوردە لە گوندە کورد نشینەکان و زانیاریم پێگەیشتووە کە پیلانیان هەیە لە ناحیە و قەزا و سەنتەری پارێزگای کەرکووک پەلی زیاتر باوێن و ئەم جۆرە هەنگاوە مەترسیدارانە چرتر بکەنەوە.
دەشلێت: پیلانی ئەمجارەی نەیارانی کورد تەنها بۆ داگیرکردنی موڵک و ماڵ و زەوی کوردنشینەکانی ئەو ناوچانە نییە بەڵکو لە رێگەی ئەو یاسا نوێیەی هەڵبژاردنەوە کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کراوە و سیستەمی فرەبازنەیی تێیدا چەسپێنراوە ئەوە هەر 100 هەزار دەنگ کورسییەکی دەبێت، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگەی هاوردەکردنی عەرەبی زیاتر بۆ گوند و قەزا و ناحییەکان کورسی کورد لەپەرلەمان کەمبکەنەوە کە بێگومان ئەمەش لە داهاتوودا کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ناسنامەی کوردبوونی کەرکووک.
كاكەیی ئاماژەی بەوەشداوە كە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و لە چوارچێوەی ماددەی 140 عەرەبە هاوردەکان قەرەبوو کرانەوە و هەر خێزانێک بڕی 20 ملیۆن دیناری پێدرا و گەڕانەوە شوێنی خۆیان، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لەو عەرەبانە داوایان کردووە بۆ کەرکووک بگەرێنەوە و ئاسانکاریشیان بۆ کراوە و بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەسم کەوتووە نزیکەی 3000 کەس لەو عەرەبانە مامەڵەیان بۆ تەواو کراوە و فۆرمی خۆراکی کەرکوکیان بۆ دەرهێنراوە.
لیزا فەلەكەدین لە كوتایی نووسینەكەیدا دەلێت: ئەمە پرسێکی زۆر جدییە و وەکو مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رێگەی دادگای فیدڕالیەوە هەوڵی چارەسەرکردنی بدات.