وەزارەتی كارەبای هەرێم مەرجەکانی پێدانی کارەبا بە عێراق ئاشکرا دەکات
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەنیازە بڕە کارەبایەك لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ شارەکانی خۆی ڕابکێشێت و لە ئەگەری ئەو کارە، مەرجی خۆیان دەبێت، دەشڵێت، بەو مەرجە كارەبا بە بەغدا دەدەین كە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی كارەبای هەرێمی كوردستان نەبێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زانیاریمان پێ گەیشتوە کە حکومەتی عێراق بەرنامەی ھەیە بڕە کارەبایەک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بکرێت بۆ ئەو مەبەستە ئەو بابەتەمان وەک وەزارەتی کارەبا تاوتوێ کردوە بەڵێنمان داوە بە مەرج ڕێگە پێدانەکە بە بەغدا بدەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت ئەو کارەبا پێدانە ھیچ کاریگەریەکی لەسەر کەمکردنەوەی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و بەغداش سوتەمەنی بۆ یەکە لەکارکەوتوەکانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کارەباکە لەو یەکانەوە ببات.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم باسی لەوەشکرد، ھەرچەندە ئەو یەکانەی لەکار کەوتوون ھی وەبەرھێنەرانە، بەڵام ھەرکات حکومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێ کرد و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش رەزامەند بوون، ئەوکات ڕێگەی پێ دەدرێت.