گەشتیارانی ئێرانی و رۆژهەڵاتی بەمەرج دەتوانن سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن
بە پێی نوێترین بڕیار لە ئەمڕۆ شەممەوە هەرگەشتیارێکی ئێرانی لە دەروازە سنوورییەکانەوە بێتە ناو هەرێمی کوردستان 60 هەزاری لێ وەردەگیرێت بۆ پشکنینی کۆرۆنا
لەمبارەوە موختار حاجی عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی باشماخ لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیانەکان گوتی : لە 23-7-2020ـەوە ئەو گەشتیارانەی لە وڵاتی ئێرانەوە دەگەڕانەوە بەبێ پارە پشکنینی کۆرۆنایان بۆ دەکرا، بەڵام لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی شەممە 8-8-2020، هەر گەشتیارێک لە ئێرانەوە بگەڕێتەوە دەبێت پشکنینی کۆرۆنای بۆ بکرێت و بڕی 60 هەزار دیناریشی لێوەردەگیرێت.
هاوکات موختار حاجی عەلی روونی دەکاتەوە منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ پارەی پشکنینی لێ وەرناگیرێت ، هەر پشکنینێکیش 48 کاتژمێری بەسەدا تێپەریبێت ، پێویستە دووبارە پشکنینی بۆ بکرێتەوە .
لە کۆتاییدا گوتی : ئەو بڕیارە لە هەموو دەروازە سنوورییەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، بەڵام بۆ شۆفێری بارگەڵگرەکان جیاوازە و تەنها پشکنینی گەرمی لەشیان بۆ دەکرێت چونکە ئەوان نایەنە ناو هەرێمی کوردستان .