ساڵح قه‌لاب: هه‌موو عه‌ره‌ب پێویستی به‌ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌

خواكوڕك

ساڵح قه‌لاب، كه‌سایه‌تی دیاری عه‌ره‌بی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێران رێگربووه‌ له‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕی دژی داعش بكات، ده‌شڵێت، نوری مالكی موسڵی راده‌ستی داعش كرد و ئێستاش ده‌یه‌وێت به‌ شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و ئاگر و ئاسن بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر حوكم.

ئه‌مرۆ پێنج شه‌مه‌ 9/2/2017 ساڵح قه‌لاب كه‌ هاوكات وه‌زیری پێشووی وه‌زاره‌تی راگه‌یاندنی ئورده‌ن بووه‌، وتارێكی له‌ رۆژنامه‌ی (شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت) به‌ناونیشانی (هه‌ره‌شه‌ی بارزانی بۆ مالكی: بوكێ له‌گه‌ڵ تۆمه‌ خه‌سو گوێت لێبی) بڵاوكردۆته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك نهێنی له‌سه‌ر هه‌ژموونی ئێران له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان و داعش ئاشكرا ده‌كات.

قه‌لاب، له‌باره‌ی ئێرانه‌وه‌ پێیوایه‌، خه‌ریكه‌ هه‌ژموونی ئه‌و وڵاته‌ ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌گرێته‌وه‌ و شه‌ڕ و ئاژاوه‌كانی مه‌زهه‌بی هه‌موو سنووره‌كانی بڕیوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ولاتانی عه‌ره‌بی هه‌ڵه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری ده‌وڵه‌تی كوردستان بكه‌ن به‌ڵكو پێویسته‌ پشگیری له‌و هه‌وڵه‌ بكه‌ن.

له‌باره‌ی هێرشی داعش بۆ سه‌ هه‌ولێر ده‌ڵێت، “ئێران ده‌یه‌ویست خۆی شه‌ره‌كه‌ له‌گه‌ڵ داعش ئه‌نجام بدات و خۆی رۆڵی هه‌بێت له‌ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و دواتر هه‌ر خۆشی ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گرت، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یده‌ویست پێشمه‌رگه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ بكات كه‌ ئێستا به‌و هۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ 60 وڵاتی دیكه‌ی جیهان هه‌یه”‌.

ده‌شڵێت، “مالكی كه‌سێكی نزیكه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانی ئێران و هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت له‌به‌رچاویان نمایش بكات، هه‌موو هه‌وڵێكیشی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵات و دژایه‌تیشی له‌گه‌ڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌چوارچێوه‌یی ئه‌و به‌ربه‌سته‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان دروستی كردووه‌ بۆ پرۆژه‌ی هیلالی شیعی”.

قه‌ڵاب ئه‌وه‌شی باسكردووه‌ كه‌، كاتێك بارزانی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر مالكی بێته‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئه‌و ده‌وڵه‌تی كوردی راده‌گه‌ینێت، له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ مالكی خۆی نوێنه‌رایه‌تی هه‌ژمونی ئێران له‌ عێراق ده‌كات و ئێرانیش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیه‌.

ساڵح قه‌لاب داواش له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات، گه‌لی كورد نزیك بۆته‌وه‌ له‌ راگه‌یاندنی مافی سه‌ربه‌خۆیی خۆی و پێویسته‌ ئه‌وان گۆڕانكاری ناوچه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگرن و پێشوازی له‌و ده‌وڵه‌ته‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێران زیاتر مه‌شغول ده‌بێت به‌ناكۆكیه‌كانی له‌گه‌ڵ دروستبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌.

Back to top button