په‌یامێك له ‌سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌یادی ئه‌نفالدا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێم رایده‌گه‌ێنێت: ئه‌مڕۆ 14ى نیسان یادى سى و سێ ساڵه‌ى ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دڕه‌نده‌ترین و سامناكترین تاوانه‌كانى مێژووى مرۆڤایه‌تیدا، بێ جیاوازى و بێ سڵه‌مینه‌وه‌ سه‌دان هه‌زار ئافره‌ت، پیاو، منداڵ و پیرى بێگوناهى كوردستان ڕاپێچى بیابانه‌ بێمه‌فه‌ڕه‌کانى مه‌رگى به‌كۆمه‌ڵ كران و بێباكانه‌ زیاتر له‌ (182٢) هه‌زار هاووڵاتى كۆمه‌ڵكوژ و زینده‌به‌چاڵ كران.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌یادی ئه‌نفالدا:

ئه‌مڕۆ 14ى نیسان یادى سى و سێ ساڵه‌ى ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دڕه‌نده‌ترین و سامناكترین تاوانه‌كانى مێژووى مرۆڤایه‌تیدا، بێ جیاوازى و بێ سڵه‌مینه‌وه‌ سه‌دان هه‌زار ئافره‌ت، پیاو، منداڵ و پیرى بێگوناهى كوردستان ڕاپێچى بیابانه‌ بێمه‌فه‌ڕه‌کانى مه‌رگى به‌كۆمه‌ڵ كران و بێباكانه‌ زیاتر له‌ (١٨٢) هه‌زار هاووڵاتى كۆمه‌ڵكوژ و زینده‌به‌چاڵ كران. ژینگه‌ و سروشتى جوانى وڵاته‌كه‌مان وێران كرا و شوێنه‌وارى ژیان به‌ یه‌كجارى له‌ هه‌زاران گوند و شارۆچكه‌ى كوردستان سڕایه‌وه‌.

له‌م یاده‌دا سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانى پاكى شه‌هیداندا داده‌نوێنین، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ هه‌میشه‌ به‌ زیندوویى له‌ یاده‌وه‌ریى گه‌لى كوردستاندا ده‌مێننه‌وه‌. دروود بۆ ئه‌وان و سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان ده‌نێرین كه‌ به‌رگه‌ى ژان و ئازارێكى قووڵى بێ بڕانه‌وه‌یان گرتووه‌ و ده‌گرن. پێویسته‌ هه‌رچی له‌ توانادایه‌ خزمه‌تی زیاتر و باشتر پێشکه‌ش به‌ که‌سوکاری شه‌هیدان بکرێت.

یادى شه‌هیدان و مێژووى پڕ له‌ خوێن و فرمسێكمان ده‌بێ هانده‌رى ته‌بایى و یه‌كڕیزى بێت و هه‌موومان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگیز جارێكى دیكه‌ كاره‌ساتى ئاوا به‌سه‌ر گه‌لى كوردستان و له‌ هیچ شوێنێك به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا نه‌یه‌ته‌وه‌.

پاش ئه‌وه‌ى دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفاله‌كانى به‌ جینۆساید و تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساند، ده‌وڵه‌تى عێراق ده‌بێ كه‌سوكارى قوربانییان له‌ڕووی مادی و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ قه‌ربوو بكاته‌وه‌ و داواكارین ئه‌و ئه‌ركه‌ یاسایى و ئه‌خلاقییه‌ى خۆى جێبه‌جێ بكات دادوه‌ری بێته‌ دی. هه‌روه‌ها داواكارین كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌و تاوانكارییانه‌ به‌ جینۆساید بناسێنێت. ده‌بێ ئه‌و تاوانه‌ له‌ پرۆگرامه‌کانی خوێندن و له‌ هه‌موو شوێنێکی پێویستدا دۆکیوومێنت بکرێت.

سڵاو له‌ یادى شه‌هیدان، دروود بۆ گیانى پاكیان، یادیان هه‌میشه‌ به‌خێر.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/4/14

Back to top button