رێبەر ئەحمەد گرووپە چەکدارییەکان بۆ بەئامانجگرتنی هەرێم سوودیان لە بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق وەرگرتووە

وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ھێرشەکەی ئەم دوایەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بەردەوامە بەمەبەستی ئاشکراکردنی سەرچاوە و شوێنی ئاراستەکردنی ھێرشەکە.
رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، “ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە کە ھێرشەکە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە، ئەمەی دژبە خەڵکی سڤیل لە ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق ئەنجام دەدرێت کاری تێکدەرانە و تیرۆریستییە، ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان سەرکۆنەی دەکەن و لە عێراقیش بەھەمان شێوە.
رێبەر ئەحمەد لەبارەی ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رایگەیاند، “ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەین و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو لایەنە کێیە ئەو کردەوە تیرۆریستییەی کردووە و لە چ ئاراستەیەکیشدا ھاتووە”.
لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە ھێرشەکە لە سنووری ھەرێمی کوردستانەوە ئەنجام نەدراوە، بەڵکو پشتەوەی ھێڵی سوپای عێراق ئەنجامدراوە و لیژنەی لێکۆڵینەوەی ھاوبەش بۆ رووداوەکە پێکھێنراوە و ھەر کاتێک کارەکان تەواوبکرێن ئەنجامەکەی بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکرێت.
لەبارەی ھەوڵەکانیان بۆ رێگرییکردن لە دووبارەنەبوونەوەی ھێرشی ھاوشێوە، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، “لەگەڵ حکومەتی عێراق و ھاوپەیمانان باسی ئەوەمان کردووە، کە لە رێگەی ھەماھەنگییەوە رێگری لەو جۆرە کردەوە تیرۆریستییانە بکرێت”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لەبارەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکاندا ھەیە، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گوتی “ئەو بۆشاییەی لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەیە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، ھەلێکی باشی بۆ تیرۆریستان درووست کردووە، ھەموو ئەو گرووپانەی شێوازی تیرۆریستان دەگرنەبەر بۆ بەئامانجگرتنی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقیش، سوودیان لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە”.
ئاشکراشیکرد کە حکوومەتی ھەرێم بەتایبەت ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە گفتوگۆی راستەوخۆدان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق و گوتی “لە رووی گفتوگۆوە پێشکەوتنی باش ھەبووە، بەڵام لە ئەرزی واقیعی ھیچی جێبەجێ نەبووە”.
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوان بەردەوامن لە گفتوگۆکانیاندا و گوتی “ئومێدمان بە حکومەتەکەی بەڕێز کازمی ھەیە، تا لەم ھەنگاوە بێتە پێشەوە، لێکتێگەیشتنی باش لە ئاستی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان ھەیە، ئەوەی ماوەتەوە، لە رووی مەیدانییەوە ئەو ژوورەی ھەماھەنگییە لە نێوان پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق درووست دەکرێت لە چوار خاڵ دروست بکرێن، تا بتوانن کاری خۆیان بکەن و چیدی تیرۆریستان نەتوانن سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەربگرن”.