سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2021/5/3 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی پارتی ( تقدم) و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەكە تاووتوێ کرا، بەتایبەتی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق و گرنگیی زەمینەخۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات .
هەروەها جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرایەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور.
لە تەوەرێکی دیکەی كۆبوونەوەكەدا ،ئاماژە بە مەترسییەکانی تیرۆر بە گشتی و هەڕەشەکانی داعش کرا کە لە چەندین ناوچەی عێراقدا مایەی هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر ژیانی خەڵک، لەوبارەیەوە ، جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و یەكخستنی هەموو هێز و و تواناكان كرایەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هەڕشە و مەترسییەكانی تیرۆر.