سبه‌ی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

بەڕێوەبەرى پەروەردەى ناوەندیى هەولێر ڕايده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاری کردنەوەى قوتابخانەکان و دەستپێکردنەوەى خوێندنى قوتابییان لە ناو پۆلدا ده‌چێته‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له بیست و دووی شه‌شیش، تاقیكردنه‌وه‌ى كۆتایی ساڵ ئه‌نجام ده‌درێت.

دلێر عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى پەروەردەى ناوەندیى هەولێر، ڕایگەیاند سبه‌ی یەکشەممە شازده‌ی پێنجی دووهه‌زار و بیست و یه‌ك بڕیاری کردنەوەى قوتابخانەکان و دەستپێکردنەوەى خوێندنى قوتابییان لە ناو پۆلدا بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن ده‌چێته‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، جگە لە باخچەى منداڵان كه‌ بە داخراوى دەمێنێتەوە.

ئاشکراشی کرد دەبێ ئه‌مڕۆ ئامادەسازى بکرێت لە پاککردنەوەى قوتابخانەکان و ڕێکخستنى پۆلەکان و ئاگادارکردنەوەى مامۆستایان و قوتابییان لە کات و ڕۆژى دەوامى قوتابخانە، هەروەها دابەشکردنى وانەکان و پڕۆگرامى ڕێکخراو و کورتکراوە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە بەسەر مامۆستایان.

بەڕێوەبەرى پەروەردەى ناوەندیى هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، دەبێ کارگێڕیی قوتابخانەکان ڕۆژانى دەوام و کاتەکەى بۆ قوتابییان و مامۆستایان ڕێک بخەن، کە بە (تەناوب) واتە ڕۆژێک نا ڕۆژێک دەبێت و قوتابى تەنها سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەخوێنێت.

جەختی له‌وه‌ش کردەوە، پێداویستییەکانى قوتابخانە و خۆپارێزیى تەندروستى لەو بڕە پارەیه‌ى له‌لایه‌ن سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانه‌وه‌ بۆ کارگێڕیى قوتابخانەکان ته‌رخان كراوه‌، دابین ده‌كرێت.

دلێر عەبدوڵ باسى ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، بڕیار وایە ڕۆژى شەممە بەیانى فەرمی وەزارەتى پەروەردە له‌باره‌ى دەستپێکردنەوەى خوێندن دەربچێت، بڕیاریش وایە لە بیست و دووی شه‌ش ئەزموونەکانى کۆتایى ساڵ دەست پێبکات.

Back to top button