ئەمریکا دوو پڕۆژەی ستراتیژیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکات
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی ستراتیژیی کارەبا پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات؛ پڕۆژەکان بەستنەوەی وێستگەی کارەبای گازیی پارێزگای دهۆکە بە هەولێر و هەرێمی کوردستانەوە. پڕۆژەی دووەمیش بەستنەوەی دامودەزگاکانی کەرتی کارەبایە لە رێگەی کۆمپیوتەرەوە بە یەکدییەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رايگەیاند، “ئەو دوو پڕۆژەیەی ئەمریکا بەنیازە لە کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان جێبەجێیان بکات پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەن. یەکەمیان بریتییە لە بەستنەوەی وێستگەی گازی دهۆک بە وێستگەی گازی هەولێرەوە لە رێگەی بۆرییەوە، بە تەواوبوونیشی هەموو وێستگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە دەبەسترێنەوە. ئەم پڕۆژەیە هەزار مێگاوات بۆ توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان لە کارەبا زیاددەکات”.
لەبارەی پڕۆژەی دووەمیشەوە، ئومێد ئەحمەد گوتی: “تایبەت دەبێت بە بەستنەوەی دامودەزگاکانی کەرتی کارەبا بۆ ئەوەی لەکاتی هەر کێشەیەکدا لە کارەبا بتوانرێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێت. ئەم پڕۆژەیە وادەکات لەرێگەی شاشەیەکەیەوە وردەکاریی کێشەکان پیشان بدرێت و بەمەش چارەسەرکردنییان ئاسان دەبێت. ئەم پڕۆژەیە گوشاری سەر وەزارەتی کارەبا و ئەم کەرتە هەڵدەگرێت”.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان گوتیشی، ” پێشتر هەردوو پڕۆژەکە لە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خرابوونە بەرنامەی کارەوە و کاریشیان تێدا کرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیران. ئێستا ئەمریکا هەردوو پرۆژەکە بەشێوەی قەرز جێبەجێ دەکات”.
سەبارەت بە تێچووی هەردوو پڕۆژەکە، ئومێد ئەحمەد بۆ رووداو راشیگەیاندووه: “پڕۆژەی یەکەمیان نزیکەی 50 ملیۆن دۆلاری پێویستە، چونکە پێشتر کاری تێداکراوە و هەندێکی جێبەجێکراوە، پرۆژەی دووەمیشیان نزیکەی 200 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ی ئایاری 2021، كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبای هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیزا پۆدۆنڵی، بەرپرسی بەشی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا كۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بریكارانی وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی و ئابووری و کارەبا بەڕێوەچوو. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە: “ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشانداوە لە رێگەی قەرزەوە هاوکاری پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بکات”.