بەشیر حەداد داوای لێپرسینەوە لە بەرپرسانی عێراق دەكات
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات لێپرسینەوە لەو كەسانە بكرێ كەمتەرخەمن لە دروستبوونی كێشەی كەمی كارەبا.
ئەمڕۆ شەممە 3ی تەمووز، لە ڕاگەیەنراوێكی بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، داوا لە حكوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی كارەبای حكوومەتی فیدراڵ دەكەم، دۆسیەی كارەبا چارەسەر بكات كە بووەتە كێشەیەكی گەورەی هاووڵاتییان لە وەرزی هاویندا و ناڕەزاییان لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق، بەتایبەت كە لە رۆژدا پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە و بڕی پێدانی كارەباش كەم دەبێتەوە، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست كردووە.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، داواشی لە حكوومەت كرد دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی داودەزگاكانی حكوومەت بسەپێنێت، لێپرسینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم بكات و كار بۆ ریشەكێشكردنی گەندەڵی بكات و دەستی ئەو گەندەڵكارە گەورانە ببڕێت كە تواناكانی حكوومەتیان كۆنترۆڵ كردووە.
حەداد داواشی لە هێزە تەناهییەكان و هێزە هاوبەشەكان و لایەنە بەرپرسەكان كرد كە كار بۆ پاراستنی تاوەرەكان و وێستگەكانی كارەبا بكەن، چاودێری زیاتری شوێنە خزمەتگوزارییەكان بكەن بۆ ئەوەی بپارێزرێن لە هێرشی تیرۆریستان.