ئەمڕۆ پەرلەمانی بەلجیکا دەنگ لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دەدات
تا ئێستا زیاتر لە پانزدە وڵات ددانی بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا ناوە، بڕیارە سبەی پەرلەمانی بەلجیکاش دەنگ لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بدات.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی پەسەند کرد، بڕیارە سبەی پەرلەمانی بەلجیکا کۆ ببێتەوە و دەنگ لەسەر پرسی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی بدات.
نوێنەری حکوومەتی هەرێم گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵگەی لەبارەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی داوەتە جیهان و بەردەوامیش دەبین.
دلاوەر ئاژگەیی ڕوونی کردەوە: بڕیارە ژمارەیەک وڵاتی دیکەش ددان بە جینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدیدا بنێن، بەتایبەتی لە کابینەی نۆدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەوە دەکەین کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەجینۆساید بناسرێت.