نێچیرڤان بارزانی : کورد کۆد و کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە لە عێراق
ئەمڕۆ شەممە 25ـی ئەیلوولی 2021 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆنفڕانسی “عێراق قەدەرێکی تراژیدی” لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
لە کۆنفڕانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەو کێشە و ڕووداوانەی عێراق كرد کە بوونەتە هۆی تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیری عێراق.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، ماوەی سەد ساڵە کورد گیرۆدەی بەدەستهێنانی مافەکانییەتی لە عێراق، عێراق لەسەرەتای دروستبوونییەوە بێ ڕەچاوکردنی مافەکانی کورد دامەزران.
ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە، لە عێراق کێشەی دەسەڵات هەیە، کە ئەوە گرفتی سەرەکی نییە، بەڵکوو لە عێراق سیاسەتی خۆسەپاندن و هێز بەکاردەهێندرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هێزی بەکارهێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەگەر بەم شێوەیە نەبووایە وڵاتێکی بەهێز دەبوو.
نێچیرڤان بارزانی دەپرسێت، بۆچی لە کاتێکدا عێراق دەتوانێ باشترین وڵات بێت کە چی خراپتر دەبێت؟ ئاماژە بەوەش دەکات 100 ساڵە ئەمە دووبارە دەبێتەوە کەچی دەرسی لێ وەرناگیرێت.
گوتیشی، خەڵکی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن، ئەمەش بە واقیعبینی و ڕوانگەی تازەوە دەکرێت، بە وەرگرتنی ڕای زۆرینە و ڕەچاوکردنی مافی کەمینە دەکرێت نەک بە سەپاندنی هێز و بەکارهێنانی میلیشیا و پەکخستنی دامەزراوە حکوومییەکان، ڕاشیدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئومێدی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو پێویستە وازبهێنن لە سیاسەتی خۆسەپاندن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاسایشی عێراق دەبەستێتەوە بە ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش، نموونەش بە دروستبوونی داعش دەهێنێتەوە، کە لەکاتی تێكچوونی دۆخی عێراق داعش دروستبوو کە جێگای مەترسی بوو بۆ سەر ناوچەکە و تەواوی جیهان، هەروەها هۆشداریش دەدات لە دروسستبوونی گروپێکی دیکەی هاوشێوەی داعش، لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم جۆرە سیاسەتە، دەشڵێت، هەولێر و بەغدای سەقامگیر بە واتای سەقامگیری ناوچەکە دێت، بۆیەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی گرینگی بەم پرسه دەدات.
رایگەیاند، کورد کۆد و کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە لە عێراق، پێویستە فیدڕالیەت جێبەجێ بکرێت، کە فیدڕالیەتیش بە مانای هاوبەشی لە دەوڵەتدا دێت، بە واتایەکی دیکە بە مانای هاوبەشی لە حووکمڕانی و دەسەڵات دێت، هەروەها ئاماژەیە بە دابەشکردنی جوگرافی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا بانگهێشتی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی عێراق دەکات بۆ هاوبەشیکردن لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات، دەڵێت نابێت یەک هێز حووکمڕانی عێراق بکات، بەڵکوو پێویستە هەموو هێز و پێکهاتەکان بەشداربن لە بەڕێوەبردنی عێراق.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەینێت، ئەرکی سەرەکی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بریتییە لە جێبەجێکردنی دەستوور و فیدڕالیەت، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەمانەش هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەرامبەر پێدانی مافەکانی بەپێی دەستوور ئەو ئەرکە بە جێ بگەیەنێت کە لەسەریەتی.
هەروەها گوتیشی، ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیان پەیامی هەرێمی کوردستانە، کۆکردنەوەی هەموو هێز و پێکهاتەکان متمانە و ئارامی و سەقامگیری دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق ، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێمە مێژوویێکی هاوبەش و جوگرافیایێکی هاوبەشمان لە نێوانە، کە ئەو مێژووە ڕەشە بووەتە گرێ کوێرە لە نێوانمان پێویستە چیتر ئەم گرێیە بکرێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی گوتارەکەشدا گوتی:
گۆڕانکارییە نوێیەکانی سەردەم دەیسەلمێنن چیتر ئەو ڕێگە و میتۆدە کۆنە و بەکارهێنانی هێز بۆ چارەسەرکردن بەکارنایەن، ڕایگەیاند پێکەوە ژیان داهاتوویێکی گەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە با مرۆڤایەتی هەموومان کۆبکاتەوە.