وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێی لەبارەی فەرمانبەرانەوە دەرکرد

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی خانەنشینبوونی بەشێک لەفەرمانبەرانەوە دەرکرد.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی کە کۆپییەکی بە (دەزگای میدیایی خواکوڕک) گەیشتووە و تێیدا هاتووە: “ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی کە لە کاتی دەوامی فەرمی کۆچی دوایی دەکەن یاخود تووشی رووداوی تەندروستی یان هەر هۆکارێکی تەندروستی خۆی دەستی تێدا نەبووبێت بەپێی ماددەی 49 و 50 لە یاسای راژە و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 18ی ساڵی 2011 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت”.

ئەوەش خراوەتە روو: “ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی کە لەدەرەوەی دەوامی فەرمی کۆچی دوایی دەکەن یاخود تووشی رووداوی تەندروستی دەبن بەپێی ماددەی 46 و 47 لە یاسای راژە و خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 18ی ساڵی 2011 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت”.

هەروەها جەختیشکراوەتەوە کە ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی ئاماژەیان پێکراوە بەپێی ماددەکانی سەرەوە ئەو شایستە داراییانەی کە دەیانگرێتەوە بۆیان خەرج دەکرێت.

Back to top button