وەزیری تەندروستی مژدەیەکی خۆش بە هاووڵاتییان دەدات

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا کەمترین ژمارەی تووشبوون و مردن بە کۆڕۆنا تۆمار کراوە.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای سێ مانگ لە شەپۆڵ و هەڵکشانی سێییەمی کۆڕۆنا، ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار کەمترین ڕێژە و ژمارەی تووشبوون و مردن تۆمارکراوە لەماوە 24 کاتژمێری ڕابردوو.

هەروەها ڕایگەیاند: تەمەنی 12 ساڵ بەسەرەوە ڤاکسینیان پێ دەدرێت، هەندێک بەڕێوەبەری قوتابخانە زۆر بەڕێکوپێکی هەموو مامۆستایان و قوتابییانی سەرووی 12 ساڵی ڤاکسین کردووە کە جێگای دەستخۆشیە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ پێدانی ژەمی زیادەکی بەهێزکەر (سێییەم) چووەتە بواری جێبەجێکردن.

وەزیری تەندروستی هیوا دەخوازێت، ئەو هاووڵاتییانەی تا ئێستا خۆیان و خانەوادەیان ڤاکسین نەکردووە بەزووترین کات سەردانی سەنتەرەکانی ڤاکسین بکەن وەک ئامادەکارییەکی گرنگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەپۆڵی پێشبینیکراوی ئەم زستانە، تاوەکو تووشی نەخۆشی کۆڕۆنا و داخلبوونی نەخۆشخانە و مردن نەبن.

Back to top button