پەکەکە چۆن 6 پێشمەرگەی کوردستانی لە گوندی “شیفرەزان” شەهیدکرد

“مەفرەزەیەکی 6 کەسیی لە پێشمەرگەکانی کوردستان لە گوندی “شیفرەزان” لە سەر سنوور، لەلایەن پەکەکەوە شەهید کران”.

سەرۆک مەسعوود بارزانی لە بەرگی پێنجەمی کتێبەکەیدا بەناوی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد” کە لە حوزەیرانی ئەمساڵ (2022)دا بڵاو کرایەوە، باسی بەسەرهاتی شەهید کرانی 6 پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن پەکەکەوە دەکات.

بەرگی پێنجەمی كتێبەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی “بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد” بڵاو کراوەتەوە و لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بارزانی باس لە رەوشی کوردستان پاش ئەنفال و هاوکێشە جیهانیەکان دەکات. لە لاپەڕەی 27ی کتێبەکەشدا بەسەرهاتی شەهید کرانی 6 پێشمەرگەی بزاڤی رزگاریخوازانەی کورد لەلایەن پەکەکەوە دەگێڕێتەوە و دەنووسێت:” پاش کۆتایی هاتنی شەڕی عێراق و ئێران، هاتووچۆی پێشمەرگە و هێزەکانی ئێمە بۆ ناوخۆی وڵات ئاسان نەبوو. لەگەڵ ئەوەی کە ئێرانیەکان رێگرییان نەدەکرد بەڵام بێگومان رەوشەکە وەکوو پێشوو نەبوو و ێیویست بوو ئێمەش رەوشی ئێرانیەکان و کۆتاییهاتنی شەڕمان لەبەرچاو گرتبا.

لەوپەیوەندیەدا لایەنەکانی ناو بەرەی کوردستانی، هێندێک بەرنامە و پلانی هاوبەشیان هەبوو. لایەنەکان بەپێی ئیمکان و توانای خۆیان هێندێ ئامادەکارییان کردبوو. من هەوڵێکی زۆرم دا بۆ ئەوەی کە بە زووترین کات بتوانین هێزێک رەوانەی سنووری لقی یەک بکەین، لەبەر ئەوەی کە پەکەکە بە هاوکاریی رێژیمی عێراق رۆژبەڕۆژ زیاتر جێ پێی خۆی قایمتر دەکرد و دژ بە پەدەکە کاری دەکرد. پێش ئەو کاتە مەفرەزەیەکی 6 کەسیی لە پێشمەرگەکان کە لەناوچەکە لەئەرکدا بوون لە گوندی “شیفرەزان” لە سەر سنوور، لەلایەن پەکەکەوە شەهید کران. هێندێک زانیارییش بڵاو کرانەوە کە ئەو پێشمەرگانە بە زیندوویی رادەستی رێژیمی عێراق کراون.

 

ئەو شەش پێشمەرگەیە بریتی بوون لە:

 

1ـ محه‌مه‌د حه‌مدی وه‌رمێلی.

2ـ سه‌عدوڵڵا ئاڤده‌ل.

3ـ نزار محه‌مه‌د سلێمان.

4ـ ئدریس جه‌رجیس (ئه‌حمه‌د كادر).

5ـ نزمی وه‌رمێلی.

6ـ خالد ئاده‌م وه‌رمێلی.

Back to top button