سێوی بەرواری باڵا لە فرۆشگە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای هەنار، بڕیارە سێو و هەنگوین هەناردەی دەرەوەی وڵات بکات، ئێستا وەک قۆناغی سەرەتایی سێوی بەرواری لە فرۆشگە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت.

لە چوارچێوەی گرنگیدانەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و برەودان بە بەرهەمی ناوخۆ، ئێستا سێوی بەرواری لە 9 فرۆشگەی نێودەوڵەتیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، لەمبارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سێوی بەرواری ڕایگەیاند: 100% سروشتییە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەنجامی پشکنینی سێوی بەرواری بە ستانداردی جیهانیی خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم سێوە ماددەی قڕکەری تێدا نییە و 100% سروشتییە، ئەمەش بەپێی شیکاری مایکرۆبایۆلۆجی پشتڕاست کراوەتەوە.

هاوکات فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەش کردووە، لەکاتێکدا کە پێوەری نێودەوڵەتیی بۆ ڕێژەی شەکر لەنێوان 10 بۆ 25ـە، ڕێژەی شەکری سێوی بەرواری 14.9ـەیە و هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێدا نییە.

بەرواری باڵا لە سنووری پارێزگای دهۆکە، بە سێو بەناوبانگە، ئاو و خاکەکەی بۆ بەرهەمهێنانی سێو گونجاوە، لە سەرەتای سەدەی 20 تاوەکوو ئێستا یەکێک لە بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەو ناوچەیە سێو بووە.

Back to top button