كرمانج عەبدوڵڵا بۆ محەمەد حەکیم: ئێوە خەون بە تەسلیمكردنەوەی كوردستان دەبینن، بەڵام خەیاڵتان خاوە
دوای ئەوەی رۆژنامەی سەباحی عێراقی كە پشتی بە راپرسیەكی ساختەبەستی بوو، لە بارەی هەرێمی كوردستان دا راپۆرتێكی بڵاوكردەوە، گوتەبێژی كۆمەڵی دادگەری هاوكاتی راپۆتەكە هێرشی كردە سەر قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان و ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتیش وەڵامی دەداتەوە دەڵێت كۆمەڵ یەكێكە لەو حزبانەیە كە خەون بە تەسلیمكردنەوەی هەرێمی كوردستان بە عێراق دەبینێت، بەڵام خەیاڵیان خاوە.
كرمانج عەبدوڵڵا، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وەڵامی گوتەبێژەكەی كۆمەڵی راگەیاند: ”كۆمەڵی دادگەری و گوتەبێژەكەی، پۆپۆلیستن و هەموو خەونیان ئەوەیە شتێك ڕوو بدات تا ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بیقۆزنەوە، هەرچەند خۆیان باش دەزانن لەمەشدا زەرەرمەند دەبن، بەڵگەش ئەوەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەند كورسییەكیان لەدەست دا و تەنیا یەك كورسییان بەدەست هێنا كە نیوە زیاتری دەنگی ئەو كورسییەش، هی گرووپێكی سەر بە حزبێكی دیكە بووە.“
ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دەشڵێت: “خۆ ئێستا نییە كۆمەڵی دادگەری خەون بە هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبینێت، بەڵكوو پێشتریش ئەو حزبە هەمان خەونی هەبووە، بینیمان چۆن پەرلەمانتاری ئەو حزبە داوای دەكرد كەمپین بكرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، هەروەها بینیمان كاتێك ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشی كردە سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵ لە ڕێی لێدوانی سەرۆكەكەی هەوڵی دەدا پێشمەرگە لە بەرگریكردن سارد بكاتەوە كە ئەمەش دەریدەخات خەونیان ئەوە بووە داعش هەولێر بگرێت.“
هەروەها گوتیشی ”بەداخەوە چەند حزبێك لە هەرێمی كوردستان خەون بەوە دەبینن ئەو هەرێمە تەسلیمی بەغدا بكەنەوە، یەكێك لەو حزبانە كۆمەڵی دادگەرییە، بەڵام سەرەنجام لەجێی هەرێمی كوردستان، ئەو حزبانە خۆیان لەناو دەچن و خەیاڵیان خاوە.”