ڤیان سەبری: گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و گاز بەردەوامن
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق بەردەوامن و هەردوو شاندی دانوستاندنکار لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسێکی نوێی یاسای نەوت و گاز کار دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی 2ـی 2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا شاندی هەرێمی کوردستان سێ جار سەردانی بەغدایان کردووە بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و رەشنووسی یاسای نەوت و گاز.
ڤیان سەبری ئەوەش دەڵێ، گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکن کە رەشنووسێکی دیکە و نوێ ئامادە بکرێت، چونکە ئێمە جەخت دەکەینەوە گفتوگۆکان لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و لەسەر بنەمای مادەکانی 111 و 112ی دەستوور بن. پێویستە دەستەیەکی تایبەتیش هەبێت بەگوێرەی مادەی 121ی دەستوور بۆ دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.