ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ” سزای نوێمان سەپاند بەسەر 39 قەوارە کە ئاسانکاریی دەکەن بۆ کۆمپانیا پێترۆکیمیاییەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە سیستەمی دارایی جیهانی”،

وەزارەتەکە ئەو قەوارانەی بە تۆڕێکی “بانکی سێبەر” وەسف کرد، کە ساڵانە دەیان ملیار دۆلار بۆ ئێران دابین دەکەن.

لەو بارەیەوە، والی ئادێیمۆ، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی، “ئێران تۆڕێکی ئاڵۆز بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان دروست دەکات. کڕیارە بیانی و نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕ و دەیان کۆمپانیا کە وەک رووکەش کار دەکەن یارمەتیی کۆمپانیا ئێرانییەکان دەدەن کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە لەپێناو برەودان بە چالاکییە بازرگانییەکانیان”.

هاوکات ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر تۆڕێک کە بارەگاکەی لە چینە و پێکدێن لە 5 کۆمپانیا و کەسێک، ئەمریکا تۆڕەکە تۆمەتبار دەکات بە فرۆشتن و بارگاویکردنی هەزاران کەرەستە و پارچەی فڕۆکە بە کۆمپانیایەکی ئێرانی کە تێوەگلاوە لە بەرهەمهێنانی درۆن و ئێران بەکاریان دەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و رەوانەکردنی ئەو درۆنانە بۆ رووسیا.

Back to top button