بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە تاوانی جندرێس بڵاو كردەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە تاوانەكەی دوێنێی جندرێس دەرهەق بە هاووڵاتییانی كورد، بڵاو كردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: بە تووندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە لەلایەن یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانەوە بە شەهیدکردنی چوار هاووڵاتیی خانەوادەیەکی کورد و بریندارکردنی سێ کەسی دیکە ئەنجام دراوە، کە مومارەسەی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان لە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی رۆژی نەتەوەیی خۆیان، نەورۆز، لە ناحیەی جندرێسی (زیانلێکەوتوو بەهۆی بوومەلەرزەوە) دەکرد.
هەروەها دەڵێ: لە خودای مەزن دەپاڕێینەوە کە رۆحی شەهیدان بخاتە ژێر رەحمەتی خۆی و، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. راشیدەگەیێنین کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەم تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە بە سزای عادیلانە بگەن.