كەناڵەكەی حەشدی شەعبی: یەكێتی بە بڵدنگۆ داوا لە كوردانی كەركووك دەكات نەچنە خۆپیشاندان

كەناڵێكی سەر بە حەشدی شەعبی، خیانەتێكی تازەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە كوردانی كەركووك ئاشكرا كرد.

بەپێی كەناڵەكەی حەشدی شەعبی بێت، چەند گرووپێكی سەر بە بافڵ تاڵەبانی لەنێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ڕێگەی بڵدنگۆوە داوا لە خەڵكی گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركووك دەكەن، لە ماڵەكانیان نەچنە دەرەوە و بەشداریی لە خۆپیشاندانەكاندا نەكەن.

كەناڵەكەی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەی كردووە گوایە خۆپیشاندانە پارتی پلانی بۆ داناوە و بە ئامانجی نانەوەی ئاژاوەیە لە كەركووك و بانگەشەی ئەوەش دەكات گوایە پێشمەرگە دەیەوێ لە كەركووك ئاژاوە بنێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لەو ڕۆژەوەی خۆپیشاندانی كوردانی كەركووك دەستی پێ كردووە تاوەكوو ئێستا، هەموو خۆپیشاندەران كاتێك مایكەكان دەبینن، جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەوان وەكوو كورد لە كەركووك هەست بەوە دەكەن زوڵمیان لێ دەكرێت و دەستدرێژییان دەكرێتە سەر، خۆپیشاندانەكانیان بۆ بەرژەوەندیی هیچ حزبێك نییە و لەپێناو پاراستنی شكۆی كورد و دۆزی ڕەوای كوردە لە كەركووك.

Back to top button