ئومێد سەباح: لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان جەختمان لەوەکردەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەغدا دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەیان د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند، سێ پەیامیان هەبووە و بە کۆمیسیۆنیان گەیاندووە و جەختمان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا کردووە، پەیامەکانی دیکەی شاندی هەرێمی کوردستان بریتیبوون لەوەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو دامودەزگەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە خزمەتی کۆمیسیۆنەوە تاوەکو هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
گوتیشی، کارەکان زۆر بەباشی چوونەتە پێشەوە و کۆمیسیۆن جەدوەلێکی باشیان داناوە.”
زیاتر گوتی:” ئێمە متمانەمان بە رێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر لەکاتی دیاریکراوی خۆی ئەنجام بدرێت، هەنگاوی باش نراوە خشتەیەکی باشیان داناوە، باس لە رێکارەکانی دیکەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەین، هەروەها باسمان لە پێداویستییە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن کرد کە ئەوەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دابینی بکات”.
ئومێد سەباح، سوپاسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە بە ئەرکی خۆیان هەستاون، گوتی: “نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەموو پێداویستییەکان کە لەسەر سەرۆکایەتی هەرێمە ئامادەیان کردووە و بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمیسیۆن لە پەیوەندیی دایە، هەروەها سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی دابین کردووە، ماوەتەوە وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕە پارەیە دابین بکات بۆ هەڵبژاردن پێویستە و سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر داوە”.