کۆلێژی شاهانە Royal College رێککەوتنامەی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژوو دەکات

دوابەدوای سەردانی پێشووی رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی باڵای دیدار و سەردانی مەیدانی و بەسەرکردنەوەی سیستەمی تەندروستی بەریتانیا و راسپاردەی بەڕێزیان بۆ دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی هاوبەش لەبواری پزیشکی و توێژینەوە و راهێنان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و سوود وەرگرتن لە سیستەمی تەندروستی بەریتانیا.
لە یەکەمین دەستپێشخەری و دەستکەوتی نێودەوڵەتی و مێژووییدا، شاندی باڵای وەزارەتی تەندروستی بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی بەڕێز (د.سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی بەشداربووی ئۆنڵاین بەڕێز (د. ئاریانا خالص) سەرۆکی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان و بەشداربوونی بەڕێزان (د. کاوە خلیل) بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەندروستی و (د. سەران عبدالقادر) بەڕێوەبەری کاروباری تاقیگەیی هەرێم و (د. فریادحەوێزی) پزیشکی پسپۆڕ و ڕاوێژکاری پێشەنگ و هەماهەنگ لەبواری تاقیگەیی، سەردانی کۆلێژی شاهانەی بەریتانی بواری نەخۆشیزانیRoyal College of Pathologists یان کرد لە لەندەنی پایتەختی وڵاتی بەریتانیا.
دوای هەوڵی دوو ساڵی بواری تاقیگەیی، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان متمانە و رێککەوتنامەی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی  هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆلێژی شاهانەی بەریتانی بواری نەخۆشیزانی Royal College of Pathologists واژووکرا لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و بۆردی کوردستانی و کۆلێجی شاهانەی نەخۆشیزانی بۆ بوون بە هاوبەش و متمانەپێکراوی رۆیاڵ کۆلێج بۆ بواری نەخۆشیزانی بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژێرخان وسەرچاوەی مرۆیی و پسپۆڕی تاقیگەییە جیاوازەکان و بواری ئەکادیمی و راهێنان و وەرگرتن لە خوێندنی باڵای بواری پسۆڕیەکانی تاقیگەیی و نەخۆشیزانی و خولی راهێنان و چەندین کاروباری هاوبەش. کە دەستکەوتی بەرەوپێشچوون و بەرزکردنەوەی ئاستی پزیشکی و تاقیگەیی و پسۆڕی بواری تاقیگەییەکانی نەخۆشیزانی و نەخۆشیەکانی خوێن و بایۆلۆجی و شانەزانی …هتد لە هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت بۆ ئاستی پەیوەندی نێودەوڵەتی.

Back to top button