ئاسایشی سۆران کەسێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئافرەتان دەستگیردەکات

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران بڵاویکردەوە، لەلایەن ئاسایشی خەلیفانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر، کەسێک بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردووە کە هەڕشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەندین ئافرەت کردووە.
رۆژی یەکشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2024 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەسێک دەستگیرکرا و داواشیکردووە هەر کەسێک سکاڵای لە سەر ئەکاونتی ئەو کەسە هەیە با سەردانی ئاسایشی خەلیفان بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، دوای تۆمارکردنی چەندین سکاڵا لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر کەسێک کە پەیجێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی (Hama Barzani) دروستکردبوو، کە هەڕەشەی لە چەندین ئافرەت کردبوو و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیانی لێکردبوون بەرامبەر بە پێدانی پارە، دوای هەوڵ و بەدواداچوونێکی زۆر لە 13ـی کانوونی دووەمی 2024) لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی خەلیفان، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە.
هەروەها ئاسایشی سۆران روونیکردووەتەوە، تواندراوە تۆمەتبارەکە کە ناوی (م. ر. ح.) بەپێی ماددەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر بکرێت کە دانیشتووی هەولێرە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر دەستگیرکراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە، تۆمەتباری داواکراو دانی بە تەواوی ئەو هەڕەشانەدا نا کە لە هاووڵاتییانی کردبوو، کە خاوەنی چەندین ئەکاونتی جیاجیا بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ ئەم بابەتە بەکاریهێناون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر.