ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە بەردەوامبوون لە چاکسازیکردن و رێکخستنەوەی کەرتی باج دەکات بە رەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەری لە پێدانی باجدا

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی شوباتی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر بەشداری و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات لە رۆژانی 12 تا 14ی ئەم مانگە.

ماوەی چەند ساڵێکە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستێکی باڵا بەشداری لەم لوتکەیە دەکات و پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرێت. ئەمساڵیش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگی لە لوتکەکەدا ئەنجامدا و هەروەها سەرۆک وەزیرانیش ، گوتارێکی سەرەکی لە لوتکەکەدا پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی چارەسەرکردنی پرسی گەلی کوردستانی کرد وەک بەشێک لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە بڕیارێک کرا بە ئامانجی رێکخستنەوەی رسومات و کرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ کارسازی و بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر و ئاسانتر بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان لە هەرێم بە تێچوویەکی کەمتر و کاتێکی کورتر ودوور لە رۆتین و ئەڵقەی ئیداری زیاتر لە رێگەی بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاری و راییکردنی مامەڵەکان و ئاسانكردنی ئەرکی سەرشانی ئەو گەنجانەی کە خوازیاری کاری بازرگانی و داهێنەرانەن، بە تایبەتی لە رووی کارئاسانی لە بواری پێدانی باج بۆ کۆمپانیا نوێیەکان و بابەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاراستنی موڵکداری فیکریی و هزری داهێنەران.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران خشتەی نوێی ئەو رسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان پەسەند کرد و لە دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

دواتر لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، کە تەرخانکرابوو بۆ پێداچوونەوە بە کەرتی باج لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی کێشە و دەرفەتەکان و چارەسەرەکان، سەرەتا کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بۆ ئەو بڕگەیە میوانداری کۆبونەوەکە کرابوو، راپۆرتێکی بەرفراوانی لە بارەی کەرتی باجەکان لە هەرێم بۆ ئەنجومەن خستەڕوو.
لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە واقیعی ئێستای باج کرد و ئاماژەیدا بە هەموو ئەو چاکسازیانەی لەم کابینەیە ئەنجامدراون بە ئامانجی رێکخستنەوەی کەرتی باج بە رەچاوکردنی بنەماکانی دادپەروەری لە پێدانی باج بە بێ ئەوەی هیچ باجێک زیاد بکرێت یان رێژەکەی بەرزبکرێتەوە بەڵکو بڕ و رێژەی باج هەروەک خۆیەتی و گۆڕانکارییان تێدا نەکراوە، ئەوەی کراوە رێکخستنەوەی رێکار و پرۆسەکانی وەرگرتنی باجە و گرتنەبەری میکانیزمی نوێ و گونجاوە، بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوونی ناڕەوا و نا یاسایی لە پێدانی باج و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی ڕووتین.

بەو پێیەی باج یەکێکە لە داهاتە گرنگەکانی هەرێم کە رێکخستنەوە و برەوپێدانی کاریگەری گەورەی لەسەر گەشەی دارایی و بەرزکردنەوەی قەبارەی خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانەوەی داهاتەکەی لە خەرجیە گشتیەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان دەبێت، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم، بەردەوام بێت لە چاکسازیکردن لە سیستەمی باج و رێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران لە پڕۆژە و کۆمپانیاکان لە پێدانی باج، دەبێ بەشێوەیەکیش رێکبخرێتەوە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و لە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت و رەچاوی بارودۆخی بژێوی و ئابووری هاووڵاتیان بکات و بارگرانی لە سەر کاسبکاران و کارسازان دروست نەکات.

Back to top button