بەیاننامەیەک لە ئەنجومەنى شووراى هەرێمى كوردستان – عێراقەوە
بەیاننامەى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان – عێراق
لە سۆنگەى هەستكردن بەبەرپرسیارێتى مێژوویی و یاسایی بەرامبەر بەو ئاراستە نوێبەى دادگەى ئیتیحادى باڵاى عێراقی لە بڕیارەكانى ئەم دواییەیدا لەخۆى گرتووە دەربارەى ئەو دەعوایانەى دژ بەهەرێمى كوردستان بەرزكراونەتەوە، كە چەندین سەرپێچی لەخۆگرتووە بۆ دەقە دەستورییە ڕوونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان، هەروەها لە ڕوانگەى باوەڕبوونمان بە سیستەمى فیدرالى لە عێراق، ئێمە لە ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان – عێراق، گرنگترین تێبینییە یاساییەكانمان دەربارەى ئەو سەرپێچییانە بۆ ڕاى گشتى دەخەینەڕوو:
1- دادگەى ئیتیحادى باڵا خۆى خستۆتە شوێنى دەسەڵاتى یاسادانان، بەجۆرێك لە حوكمى دەعواى ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەى (131) و(185)/ ئیتیحادى/2023، چەندین دەقى یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانى (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ى حوكمى ئاماژەپێكراودا، ئەویش دواى ئەوەى بڕیاریداوە بە نادەستوری بوونى هەندێك ماددە و بڕگەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (1)ى ساڵى 1992ى هەمواركراو. ئەمەش پێشێلكردنێكى روونە بۆ ماددە (93)ى دەستورى عێراقى ساڵى (2005)، بەتایبەت بەندى (یەكەم)ى، كە تیایدا كارى دادگەى ئیتیحادى باڵا كورتكراوەتەوە سەر پیادەكردنى تایبەتكاری چاودێرییكردنى مەوداى دەستوری بوونى یاسا و پێڕەوە بەركارەكان. بۆیە هێنانەكایەى دەقى یاسایی لە بڕیارى دادگەى ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانى دەسەڵاتى یاسادانان و سەرپێچییەكى روونە بۆ ماددە (47)ى دەستوور كە دەقى كردووە لەسەر ئەوەى هەر دەسەڵاتێك پیادەى تایبەتكارییەكانى خۆی دەكات لەسەر بنەماى جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان.
2- پابەند نەبوونى دادگەى ئیتیحادى باڵا بە عەریزەى دەعواى داواكار، بەجۆرێك داواكارى دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو، داواى هەڵوەشاندنەوەى یازدە كورسییەكەى (كورسییەكانى كۆتا)ى نەكردووە، بەڵكو داواى دوبارە دابەشكردنەوەى كورسییەكانى پەرلەمانى كوردستانى كردووە بەسەر پارێزگەكانى هەرێم بەگوێرەى پێوەرى ژمارەى دانیشتووان، كەچى دادگەى ئیتیحادى باڵا لە بەندى (یەكەم)ى حوكمەكەیدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى دەستەواژەى (یازدە) لە ماددەى یەكەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ى هەمواركراو، ئەمەش داواكار لە عەریزەى دەعواكەى داواى نەكردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلكردنێكى ڕوونى ئەو بنەمایەى لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەى عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەى داواكار داواى دەكات.
3- لە دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو دیارە كە كەسانى داوالێكراو بریتین لە:
– سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان.
– سەرۆكى هەرێمى كوردستان.
– سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان.
دادگەى ئیتیحادى باڵا لە بەندى (هەشتەم)ى حوكمى دەعواى ئاماژەپێكراو بڕیاریداوە بە رەتكردنەوەى دەعوا بەرامبەر هەردوو داوالێكراو سەرۆكى هەرێمى كوردستان و سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەبەر ئاراستەنەبوونى نەیارى (عدم توجه الخصومە). بەمەش نەیاری (الخصومە) كورتكرایەوە سەر سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان، بەڵام دادگەى ئیتیحادى باڵا بێئاگایە لەوەى بەبڕیارى ژمارە (233) و یەكخراوەكانى (239) و(248) و(253)/ئیتیحادى/2022 لە 30/5/2023 حوكمى داوە بە نادەستوریی بوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (12)ى ساڵى 2022، بەم پێیەش سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان و سەرجەم ئەندامەكانى لەبنەڕەتدا بوونی یاساییان نەماوە، لە كاتێكدا ماددەى (4)ى یاساى دادبینیی مەدەنیی ژمارە (83)ى ساڵى 1969ى هەمواركراو مەرجى داناوە بەوەى پێویستە داوالێكراو نەیار بێت. بەگوێرەى ئەم ماددەیە پێویست بوو دەعواكە رەت بكرێتەوە لەبەر نادروستى مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان وەك نەیارێك چونكە لەكاتى بەرزكردنەوەى دەعواكە بوونى یاسایی نەماوە.
4- سەرپێچیكردنى دادگەى ئیتیحادى باڵا بۆ رێسا یاساییە رێكارییەكان، كاتێك لە دەعواى ژمارە (233) و یەكخراوەكانى (239) و(248) و(253)/ئیتیحادى/2022، بڕیاریداوە بە قەبولكردنى نووسراوى لادانى هەردوو بڕیكار (د. وعدی سلێمان مزورى) و فەرمانبەری مافپەروەر (شەرمین خضر بهجت)، هاتوو لە پەرلەمانى كوردستان بە ژمارە (1369) لە ڕێكەوتى 23/5/2023 و هەڵوەشاندنەوەى تەخویلكردنى ئامادەبوونیان لەدادبینیكردن لەبەردەم دادگەى ئیتیحادى لە دەعواى ئاماژەپێكراودا. كەچى دادگەى ئیتیحادى باڵا لەبڕگەى ژمارە (1)ى حوكمى ئاماژەپێكراویدا بڕیاریداوە بە نادەستوری بوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان – عێراق ژمارە (12)ى ساڵى 2022، بەم حوكمەش سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان دەسەڵاتى لادانى هەردوو بریكارى ئاماژەپێكراوى نامێنێت.